لەلایەن پۆلیسى هەولێرەوە

12 کەس بە شەش هەزار فیشەک و چەند جۆر چەکەوە دەستگیرکران

964+

وریا فەتاح

لە ئۆپەراسیۆنێکدا، پۆلیسى هەولێر 12 تۆمەتبارى دەستگیرکرد و ژمارەیەکى زۆر پارچە چەک و تەقەمەنیشى دەستبەسەردا گرت.

پۆلیسى هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگادار کرانەوە کە لە شوێنێکی شاری هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی چەکەوە دەکرێت، دەستبەجێ تیمەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەى زانیارى کردووە و بە بڕیارى دادوەر ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ شوێنەکە ئەنجامداوە.

وەک باسى دەکات، توانیویانە دەست بەسەر چەندین جۆر پارچە چەک و کەلوپەلى تردا بگرن، لەوانە: یەک قەناس، 18 دەمانچە، نۆ کڵاشینکۆف، 174 مەخزەنى چەک، شەش هەزار فیشەکى جۆراوجۆر و چەندین کەلوپەلی سەربازیی تر و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل.

ئاشکراش کراوە کە 12 تۆمەتبار لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراون کە مامەڵەیان بە چەکی نایاساییەوە دەکرد، بۆیە بەپێی ماددە 15ـی چەک، دراونەتە دادگا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

پۆلیسى هەولێر جەخت دەکاتەوە کە لە هەر شوێنێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی هەر جۆرە چەکێکەوە بکرێت، دەستبەجێ دەست بەسەر چەکەکاندا دەگرن و ئەو کەسانەش دەستگیر دەکەن کە مامەڵە بە چەکی نایاساییەوە دەکەن.