ناکرێ خۆراکی کرێمدار لەسەر شەقام بفرۆشن

پیشەوەرانی بازاڕی شارەوانی چوارقوڕنە رێنماییان پێدرا

+964

ژێوار خدر

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە چەند رێنماییەکیان دا بە کاسبکاران و پیشەوەرانی بازاڕی شارەوانی لە ناحیەی چوارقوڕنە، لەپێناو وشیارکردنەوەیان بە ڕێنماییە تەندرووستی و خۆراکیەکان و پشتراست کردنەوەی جۆر و پێکهاتەی بەرهەمەکانیان.

کارزان سلێمان سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە 964ی وت، ئێمە رۆژانە بەردەوام لیژنەکانمان سەردانی ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی دەڤەرەکەمان دەکەن، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئەو کاڵایانە بین کە دەفرۆشرێن و پێویستە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانیان تێدا بێت.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە روونیشیکردەوە، لە سەردانەکەیاندا بۆ بازاڕی شارەوانی ناحیەی چوارقوڕنە ئاگاداری پیشەوەرانی بازاڕەکەیان کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراونیە ئەو خۆراکانەی کرێمدارن لەسەر شەقام بفرۆشرێن، جگە لەوەش ناکرێت بەرهەمی پەتاتە لە شوێنی شێدار هەڵبگیرێت، بە هۆی ئەوەی سەوز دەبێتەوە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییان دروست دەکات.

”هەر کەسێک لە هەزار مریشک زیاتر بەخێوبکات، بەرهەمی هێلکەکەی وەک بەرهەمێکی خۆماڵی دانانرێت و وەک پرۆژە حیسابی بۆ دەکرێت و هیچ بەرهەمێکی هێلکە بەبێ بوونی بەرواری دەرچوون و بەسەرچوون رێگەپێدراو نیە لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێت.” کارزان سلێمان وای وت.

بازاڕی شارەوانی  یەکێکە لە بازاڕە میللیە کان لە دەڤەری ڕاپەرین، دەکەوێتە گەڕەکی قەندیل لە ناحیەی چوارقورنە و جگە لە بەرهەمی سەوزە و میوە و وشکە، کۆمەڵێک دوکانی کوتاڵ وجلوبەرگ و کەمالیاتی تێدایە و رۆژانە خەڵکێکی زۆری ناوچەکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان سەردانی ئەو بازاڕە دەکەن.

لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە 731 سەردانیان کردووە

لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە 731 سەردانیان کردووە