30%ـى دانیشتوانى کۆیە بێئاو دەبن
پڕۆژەى ئاوى تەقتەق – کۆیە وەستێنرا
964+
وریا فەتاح
هاوڵاتیانى کۆیە ئاگادار دەکرێنەوە کە پڕۆژەى ئاوى تەقتەق – کۆیە، وەستێنراوە و بەهۆیەوە پێدانى ئاو راگیراوە و شەش هەزار هاوبەشى ئاوى کۆیە بێئاو دەبن.
بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کۆیە لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، لە کاتژمێر 7:30 خولەکى بەیانى ئەمڕۆوە، پڕۆژەی ئاوی تەق تەق – کۆیە بە ناچاری وەستێنرا.
هۆگر کەیفى، بەڕێوەبەرى ئاوى کۆیە بە 964ى وت، بە هۆی لێکترازانی بۆری 18 ئینجی لە نزیک تەق تەق، تیمەکانی بەرێوەبەرایەتیمان سەرقاڵی چاککردنەوەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات بتوانن چاکی بکەنەوە و ئاو بگەینەوە شاری کۆیە.
“بەهۆى ئەو کێشەیەوە 30%ـى کۆیە کە دەکاتە شەش هەزار هاوبەش، بێئاو دەبن”، بەڕێوەبەرى ئاوى کۆیە واى وت.
داواشى کرد تا چارەسەرکردنى کێشەکە، پێویستە هاوڵاتیان بە هۆشیارییەوە ئاو بەکاربهێنن.