فۆڕم بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت

لەبارەى دابەشکردنى زەوى سەرجەم شارەوانییەکان ئاگادار دەکرێنەوە

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى، سەرجەم شارەوانییەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەى ئاگادار دەکاتەوە کە نوێنەریان بنێرن بۆ وەرگرتنى فۆڕمى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا.

ئاوات عەلى، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى بە 964ـى وت،”فۆڕمەکان بۆ ئەوەیە کە فەرمانبەران پڕى بکەنەوە و لە ماوەى هەفتەیەکدا بیگەڕێننەوە و ئێمەش دەینێرینەوە بۆ وەزارەتى شارەوانى و دواى وردبینیکردنیان بەرز دەکرێنەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران و بڕیاریان بۆ دەردەچێت و ئینجا دابەشکردنى زەوییەکە دەستپێبکات”.

رونیشى کردەوە، جارێ نازانن ژمارەى ئەو فەرمانبەرانە چەندە کە سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى، چونکە فۆڕمەکان دواى پڕکردنەوەیان وردبینیان بۆ دەکرێت و ئەوەى مەرجەکانى تێدا نەبێت رەتدەکرێتەوە.

بەپێى رێنماییەکان، دابەشکردنى زەوى هەموو فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ دەگرێتەوە.

لە بارەى خانەنشینانیشەوە، لە رێنماییەکەدا هاتووە کە دابەشکردنى زەویی ئەو فەرمانبەرە خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ژیاندا ماون.

رووبەری زەوی تەرخانكراو (200) مەتر دەبێت نرخی یەك مەتر پێنج هەزار دینار دەبێت لە ناوپارێزگاكان و سێ هەزار دینار دەبێت لە قەزاكان.

لە مەرجەکاندا هاتووە، پێویستە فەرمانبەر پێشتر سودمەند نەبوبێت لە وەرگرتنى خانوو و یان زەوى یان شوقەى نیشتەجێبوون.

ئەگەر ژن و مێرد فەرمانبەربوون و هەردووکیان خاڵەکانیان کۆدەکرێتەوە و زەوییەکە بەناوى ئەو کەسە دەکرێت کە خاڵى زیاترە.

لە بارەى ئەو فەرمانبەرانەى کە لە ژیاندا نەماون، بەڵام پێش مردنی مامەڵەى تەرخانکراوى زەوى هەبووە، وەرەسەکانیان مافى وەرگرتنى زەوییەکەیان هەیە.

لە خاڵى 11ـى مادەى 2 دا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک زەوى یان خانوو یان شوقەى حکومى وەرگرتبیت، بە سودمەند هەژمار دەکرێت.

دیلەکانى جەنگ و زیندانیانى سیاسى کە پێشتر زەویان وەرگرتووە بە سودمەند هەژمار دەکرێن.

هەر فەرمانبەرێك كە مەرجەكانی ئەم رێنماییانە دەیانگرێتەوە داواكاری و بەڵێننامەی سودمەندنەبوون پێشكەشی فەرمانگەكەی بكات لەرێگای فۆرمی تایبەتەوە.

کێن ئەوانەى سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى

کێن ئەوانەى سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى