ئەکادیمیای ئیدوینای ئەمەریکی چوار پڕۆژەی خێرخوازی راگەیاند
+964
ئاوات سلێمان
دوای کرانەوەی بە فەرمی، ئەکادیمیای ئیدوینای ئەمەریکی چەند پڕۆژەیەکی مرۆڤدۆستی رادەگەنێت.
18ـی ئەم مانگە، باڵەخانەی نوێی ئەکادیمیای ئیدوینای ئەمەریکی لە هەولێر کرایەوە، کە دەگ مۆڕۆ، جێگری کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و پارێزگاری هەولێر ئامادە بوون.
ئەکادیمیایەکە لەگەڵ کردنەوەی ئۆفیسی نوێی، چوار پڕۆژەی بۆ ساڵی 2023 راگەیاند، ئەوانیش کردنەوەی کۆڕس بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و کۆڕسی بزنس بە زمانی ئینگلیزی، دیپلۆمی نۆ مانگی لە بەشەکانی ئای تی و بزنس، سەنتەری تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی.
لە بەشی خێرخوازی پڕۆژەکەدا، زیاتر لە 70 بۆ 80 گەنجی خۆبەخش کاری تێدا دەکەن، ئەکادیمیایەکە کاریان بۆ دەکات لە داهاتوودا بە فەرمی دابمەزرێن.
هەر لە بەشە خێرخوازییەکەدا وەک محەمەد رەشاد بەڕێوەبەری ئەکادیمیایەکە دەڵێت: سپۆنسەری 100 منداڵی نەوەی شەهیدان دەکەن تا خوێندن تەواو بکەن، جگە لەمەش کۆنسێرتی گەورە لە هەموو شارەکانی کوردستان ئەنجامدەدەن و داهاتەکەشی تەرخان دەکرێت بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.
زیاتر وتی “لە پلانمان دایە گەنجە بەهەرەدارەکان بە کەسانی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند بگهیهنین، بۆ ئەوەی بیرۆکەی خۆیان پێشکەش بکەن و سپۆنسەری کارەکانیان بکرێت”.
پرسی ژنان و ئافرەتان، یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەکادیمیایەکە کە کارکردنە بۆ بەهێزکردنی توانای ئافرەتانی بێ نەوا، بە ئامانجی ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن.