“رۆژانە نزیکەی 80 چارەخواز دەبینم”
هاوڵاتييەک بانگەوازی ئەوە دەکات چارەسەری سەرئێشەی دۆزیوەتەوە
964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ
هاوڵاتییەکی کاکەیی دانیشتووی موسڵ، سەرئێشە بە جۆرێک تەنگی پێ هەڵچنیوە و لە موسڵەوە خۆی گەیاندووەتە قەڵادزێ، هیوای بە خاوەنی دوکانێک هەڵچنیوە، کە پیشەی جوانکاری ئۆتۆمبێلە و ئێستا کردوویەتی بە عەیادە.
عومەر قادر، هاوڵاتییەکی نیشتەجێی قەڵادزێیە، لە بازاڕی قەزاکەدا دوکانی هەیە و چوار رۆژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگەوازی ئەوە دەکات، بە شێلان و مەساج کردن، چارەسەری سەر ئێشە و شەقیقەی دۆزیوەتەوە.
دیمەنە ڤیدیۆکانی عومەر، ئەم چەندە رۆژە دەستاودەستی پێ دەکرێ، بە جۆرێک کاریگەری هەبووە کە رۆژانە نزیکەی 80 کەس سەردانی دەکەن، جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە پەیامنێری 964 لەوێ بوو، خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و موسڵەوە بە ئومێدی شیفاوە هاتبوون بۆ لای.
عومەر لە رێگەی دۆزینەوەی ئەو ماسوولکانەی ئازارەکەی دروستکردووە، هەروەها شێلان بە زەیتی زەیتون، چارەسەری چارەخوازەکانی دەکات، بۆ ئەو کارەشی تەنیا بڕی هەزار دینار وەردەگرێت، لە کاتێکدا مۆڵەتی بۆ ئەم کارەی وەرنەگرتووە.
عومەر هەر شێلانێک بۆ چارەخوازی بکات، بە نزیکەی چوار بۆ پێنج خولەک دەخایەنێت، بڕوانامەی نییە بەڵام بە 964ی وت، “جەستەی خۆم بڕوانامەمە، ئەمە لە پێناو خودا دەکەم، تا ئەوانەی سەر ئێشەیان هەیە شەوانە بە ئارامی بخەون”.
بەڵام، ئەوە تەواوی چیرۆکەکە نییە، بینەری ڤیتییەکەی 964 بن، کارەکەی عومەر پێویستی بە دەستخستنی وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکەش هەیە، ئایا مەساجی قۆڵ چ پەیوەندییەکی بە سەرئێشەوە هەیە؟، ئایا دەکرێ هاوڵاتییەک بانگەوازی ئەوە بکات چارەسەری سەرئێشە دەکات؟
لە زانستی پزیشکی، هەشت جۆر سەرئێشە پۆڵین کراوە، کە باوترینیان سەرئێشەی سترێسە، ئازارەکەی تووشی، هەردوو لای سەر، ناوچاوان و پشتەوەی سەر و چەناگەی مرۆڤ دەبێت، هۆکارەکەشی باری دەروونیە، رەنگە عومەر بیەوێت، بە دەستهەڵگرتن لە کاری رازاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بوک و زاواوە، ئیتر دەست بە رازاندنەوەی دەروونی خەڵک بکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا