بەشێوەیەکی کاتی
جێگای مەزادەکەی کەلار دەگوازرێتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
جێگای بازاڕی ھەفتانە (مەزاد)ی کەلار، لەم ھەفتەیەوە دەگوازرێتەوە و جێگایەکی نوێیان بۆ دیاریکراوە، کە دەکەوێتە سەر رێگای گوندی سەید خەلیل سەر بە قەزای کەلار.
دلێر حوسێن، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ـى وت،”ئەو جێگایەی پێشتری مەزادەکە بەشێکی دەکرێتە باڵەخانەی چەند فەرمانگەیەک و بەشێکیتریشی دەکرێتە پرۆژەی وەبەرھێنان”.
“ئەم جێگایەی کە ئێستا بۆیان دابینکراوە گونجاوترە لە جێگاکەی پێشتری خۆیان، چەو ڕێژ کراوە و رووناکیشی بۆ دانراوە لەگەڵ ئەوەشدا جێگای راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ ھاوڵاتیان دروستکراوە” دلێر حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”لە ئەمرۆ پێنجشەممە کە بازاڕەکە دەستپێدەکات، فرۆشیاران لەو جێگا نوێیەی کە بۆیان دیاریکراوە کاڵاکانیان دادەنێن و نابێت بڕۆنەوە جێگا کۆنەکەیان”
ئەمە دووەم جارە جێگای مەزادەکەی کەلار دەگوازرێتەوە، پێشتر لەناو بازاڕی قەزاکە بوون دواتر گوازرانەوە بۆسەر شەقامی پشتێنەیی و ئێستاش بۆسەر شەقامی گوندی سەید خەلیل، بەوتەی بەرپرسی پرۆژەکان”گواستنەوەیەکی دیکەشیان ماوە و ئەم جێگایەی ئێستا بۆیان دیاریکراوە بەشێوەیەکی کاتیە و جێگاکەی خۆیان کە دەکەوێتە نزیک زەوی زیندانە سیاسیەکان، جارێ ئامادە نەکراوە”
مەزادەکەی کەلار ھەموو ئێوارانێکی رۆژانی پێنجشەممە دەستپێدەکات تاوەکو نیوەڕۆی ھەینی بەردەوام دەبێت، ھەفتانە ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتیان رووی تێدەکەن و ئەو شتانەی پێویستیان بێت بە نرخی کەمتر لە بازار دەیکڕن، جگە لە شارە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی خواروی عێراقیش ھاوڵاتیان سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران