هاوکاری هاوپەیمانانمان نەماوە
ژمارەیەک پێشمەرگە: سکاڵا دەبەینە دادگای سەربازی
964+
ئەحمەد مستەفا
ژمارەیەک پێشمەرگە گردبوونەوە و داوایان کرد، “هاوکارییەکانی هاوپەیمانان ئەوانیش بگرێتەوە کە ئێستا بێبەش کراون، یان لە بەرانبەردا دەرماڵەی جوگرافیایان بۆ خەرج بکرێت”.
بە قسەی یەکێک لە پێشمەرگەکان، لە دهۆک، بەردەڕەش، سۆران و قەڵادزێ دێنە سلێمانی بۆ سەر ئەرکەکەیان و ئەوەش خەرجی زیاد کردوون، “کە هەیانە نزیکەی 12 کاتژمێر گەراج بۆ گەراج ماوەی چوونەوەیەتی بۆ ماڵەوە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3.7.2024، ئەو ژمارە پێشمەرگەیە، کە لە لیوای 9ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەن لە ناحیەی تەیناڵ لە سلێمانی گردبوونەوەکەیان ئەنجام دا و قسەیان بۆ میدیاکان کرد.
پیرۆت حوسێن، یەکێکە لە پێشمەرگەکان ئەو بە 964ی وت، “داواکارین کە کێشەکەمان چارەسەر بکرێ، ئەگینا سکاڵا دەگەیەنینە دادگای سەربازی و نابێت ئێمە لە هاوکاری هاوپەیمانان بێبەش بکرێین”.
ئەو پێشمەرگە ئەوەشی وت، “ئەوەندەی ئێمە زانیارییمان هەبێ، لە ساڵی 2022 وە لە هاوکارییەکان بێبەش کراوین، بەڵام تا پێش پێدانی کۆتا هاوکاری، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کورتهێنانەکەی دوو ساڵە پڕکراوەتەوە”.
پێشمەرگەکان سێ داواکارییان هەیە:
– ئامر لیوا و موقەدەمی لیوا، بەڵێن بدەن ئەو پێشمەرگانەی بەشداریی گردبوونەوەکەیان کردووە سزان نەدرێن.
– کاربکرێت بۆ نەهیشتنی جیاوازی لە نێوان پێشمەرگەکان، گرنگیدان بە ژیانیان.
– شوێنی جوگرافی و شوێنی ئەرکەکەمان نەگونجاوە و دوورە، باشترە بگۆڕدرێ.
رۆژی 2.7.2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان کرد، بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، “وەزیری پێشمەرگە وتوویەتی، کـێشەی ئەو هێزانە چارەدەکەین کە بێبەشبوون لە هاوکاری دارایی هاوپەیمانان”.
پێشتر، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “ئەو بڕە پارەیەی هاوپەیمانان لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێتە هێزی پێشمەرگە، هیچ پەیوەندییەکی بە موچەوە نییە”.