شوێنی پڕۆژە گەشتیارییەکەی دوکان دوو رۆژە دەسووتێ
پۆلیس: سووتانی غاباتی دوکان دەستی لە پشت بێت بێ شەرمکردن دەیخەینەڕوو
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو ناوچەی دوو رۆژە لە قەزای دوکان دەسووتێت، “گومانی دەستی ئەنقەستی لێ دەکرێت”، کە بڕیار وایە بکرێت بە پڕۆژەیەکی مەودا فراوانی گەشتیاری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ی وت، “لێکۆڵینەوەکان دەری بخەن دەستی لە پشتە بێ شەرمکردن دەیخەینەڕوو”.
دوو رۆژە کارمەندانی پۆلیسی ژینگە و دارستان، سەرقاڵی کوژانەوەی ئاگرە هەڵگیرساوەکانی قەزای دوکانن کە لە شاخی سارا، “نزیکەی دۆنمێك لە پوش و پاوان و 20 دار سنۆبەر سووتان” هەروەک، لە “غاباتی دوکان، نزیکەی 10 دۆنم پوش و پاوان و هەروەها زیاتر لە 60 دار سنۆبەر زیانیان پێ گەیشت”.
سووتانی 80 دار سنۆبەر گوومانی دروستکردووە
لە بڵاوکراوەی راگەیاندنی چالاکییەکەدا، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە هەژماری خۆی دەڵێت، “گومان دەکرێت کەوتنەوەی ئاگرەکە بە مەبەست بێت و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بارەیەوە بەردەوامە”، لە راگەیەندراوی غاباتی دوکاندا بە دیاریکراوی نوسیوویەتی، “لێکۆڵینەوەی وورد بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی کەسی سەرپێچیکار”.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی بەرچاوی خەڵکی سنورەکە نزیکە لە رای پۆلیس کە هەڵگیرسانی ئاگرەکان دەستی لە پشتەوە بێت، “وتەبێژی پۆلیسی دارستان ئەو گوومانە بەرچاوەی نەشاردەوە و وتی پەیوەندییان پێوە کراوە”، هەروەک ژمارەیەک لە دانیشتوو و چالاکوانی ناوچەکە لەسەر رووداوەکە نوسیوویانە، “سووتاندنی دار و ژینگەی ناوچەکە مەبەست لێی دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیارییە”.
ناوچەکە لای وەبەرهێنان دراوە بە کۆمپانیا بۆ پڕۆژە
بۆ ساغکردنەوەی ئەو بۆچوونانە، 964 لەسەر دوو ئاست بەدواداچوونی کرد؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 30.6.2024، عەزیزی سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە 964ی وت، “ناو شاخی سارا و دەوروبەری، سێ هەزار مەتری دراوە بە کەرتی تایبەت کە بە هاوبەشی حکومەت، فرە پڕۆژەیەکی گەشتیاری تێدا دروست دەکرێت، کە خۆی لە 10 بۆ 12 پڕۆژەی، رێستۆرانت، ئۆتێل و مۆتێل، هۆڵی بۆنە و شاری یاری تێدایە”.
رێکارەکانی پڕۆژەکە، لە پارێزگای سلێمانی تەواو کراوە، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ئەوەی وت، “پڕۆژەکە، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە”، کە وا بڕیارە جگە لە شاخی سارا، دەوربەوری شاخەکە و نزیک لە گەڕەکی سارای قەزای دوکان دەگرێتەوە.
پۆلیس: هەر کێ بێت شەرم ناکەین دەیڵێین
بۆ پۆلیس تائێستا روون نەبووەتەوە، کێ لە پشت کارەکەوەیە، هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ی وت، “بە هاوکاری پۆلیسی ناوخۆ و سوود وەرگرتن لە بەڵگە و دیکۆمێنتی کامێراکانی ئاسایش دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام تائێستا کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە”.
وتەبێژەکەی پۆلیس و دارستانی ژینگەی سلێمانی، لە بارەی ئەوەی دەست هەبووە لە هەڵگیرسانی ئاگرەکەی دوو رۆژی رابردووی قەزای دوکان، وە گومانی بەرچاو ئەوەیە بەهۆی کردنی بە پڕۆژەی گەشتیاری بێت، ئەو وتی، “بگەین بە هەر ئەنجامێک دەربارەی دەست هەبوونی خەڵک یان لایەنێک لە رووداوەکە، بێ شەرمکردن دەیخەینەڕوو”.
پڕۆژەی گەشتیاری دوكان كە پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیارییە بە هاوپشكی لە نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و كەرتی تایبەت لەقەزای دوکان بە تێچووی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت.