دیمەنی دووکەڵی دارەکان ببینن

ئاگر لە هەناوی دارەکانی رێگەی تاسڵوجە بەربووەوە؛ “نازانین هۆکار چییە”

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەمڕۆ شەممە، لە سلێمانی رۆژ بە سووتانی ژمارەیەک دار سنۆبەر لەسەر رێگەی تاسڵوجە و لە بەرامبەر تێرمیناڵی سەرەکی سلێمانی هەڵهات، ژمارەیەک دار کە ئاگر لە هەناویان بەردراوە، تائێستا “روون نەبووەتەوە هۆکارەکەی چییە”.

دارەکان ژمارەیان نزیکەی 50 دار دەبێت، تەمەنیان وا پێناچێت زۆر بێت، بەڵام بە تینی ئاگرەکە ژمارەیەکیانی بێ پەڕ و باڵ کردووە و لە رەنگە رووخسار سەوزەکەوە بۆ رەشێکی دوکەڵاوی گۆڕیوونی.

پەیامنێری 964 لە سلێمانی، لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی شارەکە قسەی کردووە، پێیان وتووە، “بۆ ئەوان روون نەبووەتەوە هۆکاری ئاگرگرتنی دار سنۆبەرەکان چی بووە”، کە هێشتا دووکەڵ لە ژمارەیە داریان بەرز دەبێتەوە.

سووتانی ئەم دار سنۆبەرانە، یەکەمجار نییە بەڵکو ئەمە سێیەم جارە لەسەر هەمان رێگە ئاگر لە هەناویان بەردەبێت، ئەوکات رێکخراوەکانی ژینگە هاتنە دەنگ و وتیان، “گومان دەکەن بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان و دروستکردنی پێشانگە جێگەکە بەکاربهێنرێت”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا