درێژییەکەی 18 کیلۆمەترە

بە رێکارێکی نوێ رێگای هیران بۆ شەقڵاوە نوێ دەکرێتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

به‌ گوژمه‌ى زیاتر لە  یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەى چاککردن و قیڕتاوکردنى رێگای هیران بۆ شەقڵاوە دانرا، کە درێژاییەکەی 18 کیلۆمەترە.

ئەستووری شەقامەکە شەش سانتیمەتر دەبێت، جگە لە درێژایی رێگاکە، کە هەردوو ناوچە پێکەوە دەبەستێتەوە، پانیی شەقامەکەیان حەوت مەتر دەبێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بارەی پرۆژەکە بە 964ی وت، “کۆی گشتیی گوژمه‌ى تەرخانکراو یەک ملیار و 500 ملیۆن و 522 هەزار دینارە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنەوەی رێگاوبانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت”.

کارەکانى پڕۆژەکە بریتین لە، “لادانی چینی قیڕی تێکچووی رێگا، پاشان رشاندن و پەستانەوەی و دروستکردنی چەند ئاوبەرێکی کۆنکریتی لەو شوێنانەی کە ئاوی باران و ماڵان لێی کۆدەبێتەوە و بووەتە هۆکاری تێکچوونی رێگاکە، ئەوە جگە لە دروستکردنی دیواری پاڵپشت بە گابیۆن بۆ پاراستنی رێگاکە لە داڕمان”، پارێزگاری هەولێر وای وت.

پڕۆژەکە، قیڕتاوکردنەوەی چاڵە تێکچوونەکانی رێگاکە بە چینێک لە قیڕی جۆری ستابلایزەر بە ئەستووری 10سانتیمەتر و دووبارە فەرشکردنەوەی تەواوی رێگاکە بە چینێک لە قیڕی بایندەر بە ئەستووری شەش سانتیمەتر و پانی حەوت مەتر، رێکخستنەوەی تەنیشتەشانەکانی رێگاکە لە خۆدەگرێت.

پارێزگای هەولێر باسی لەوەکرد، “بە باشبوونی دۆخى دارایی، بودجەى پێویستیان لە بەردەست دەبێت، تا بتوانین خزمه‌تگوزاریى زیاتر و باشتر پێشكه‌ش به‌ سنووری قەزای شەقڵاوە و قەزا و ناحییەکانى دیکەى سنوورى پارێزگاکەیان بکەن، هیواشی خواست پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراوی خۆی تەواوبکرێت، کە کەمتر لە یەک ساڵە”.

هاتوچۆى هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە

هاتوچۆى هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە