لە حاسڵاتەوە

739 کەس لە تورکیا ئەشکەنجەدراون

964+

ژووری هەواڵ

میدیاکانی ئێران دەڵێن: بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە خامەنەیی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر لێبوردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای 2654 زیندانی، بە تەواوی نازاندرێت ئەم لێبوردنە کێ دەگرێتەوە، تەنیا ئەوەندە وتراوە کە بڕیارەکە لەسەر داوای سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دراوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن: لەماوەی ساڵی رابردوودا 739 کەس لە تورکیا بەهۆی ئەشکەنجەو مامەڵەی خراپەوە لە ناوەندەکانی چاکسازی چارەسەریان بۆ کراوە، پۆلیسی ئەستەنبوڵ زۆرترین ئەشکەنجەدانی تیا تۆمارکراوە، پاش ئەوەش ئامادو ئەنقەرەو وان دێن.

فەرمانگەی ئاوی قامیشلۆ رایگەیاند: بە رێژی 80% چارەسەری کێشەی ئاوی شارەکەیان کردووەو بەم زوانە تەواوی کێشەکە چارەسەر دەبێت، ماوەی 10 رۆژە بەهۆی لەکارکەوتنی وێستگەکانەوە قەیرانێکی گەورەی کەمئاوی لە قامیشلۆ دروست بووە.

رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردەوە: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سێ کرێکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کارەکەیاندا گیانیان لەدەستداوە، دوان لەو کرێکارانە بەهۆی هەڵکەندنی بیرەوە تووشی رووداوێک بوون و سێیەمیشیان کەوتووەتە خوارەوە.

لە بارەگای پۆلیس لە ناوچەی ئارتوکلوی مێردین، ئەفسەرێکی پۆلیس لەکاتی ئەرکەکەیدا بە دەمانچە ژن و منداڵەکی خۆی کوشتووەو پاش ئەوەش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، تائێستا بەفەرمی پۆلیس هیچ لەسەر هۆکارەکەی نەوتووە.

لە عەفرین دوو برا کە یەکێکیان 35 ساڵەو ئەوەی تریان 33 ساڵە لەلایەن گروپێکی چاکداری سەر بە تورکیاوە رفێندراون، گومانی هەرە بەهێز ئەوەی بردرابێتنە تورکیا، چونکە لەوەتەی شەش ساڵە تورکیا دەستی گرتووە بەسەر عەفریندا بەشێوەیەکی نیمچە هەفتانە ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە.