چۆن وەردەگیرێن؟

لە سلێمانی شێوازی وەرگرتنی منداڵ لە دایەنگە حکومییەکان گۆڕا

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، شێوازی وەرگرتنی منداڵی لە دایەنگە حکومییەکان گۆڕی و لەمەودوا بە فۆڕم منداڵ وەردەگیرێت.

پێشتر لەو دایەنگانە منداڵ بە ناونووسین وەردەگیرا و کێ زووتر بچوایە دەیتوانی وەرگرتنی منداڵەکەی لە دایەنگەکە دڵنیا بکاتەوە.

هێمن محەمەد نەجم، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بە سیستمە کۆنەکە هەندێ منداڵ لە دایەنگە حکومییەکان وەردەگیران شایستە نەبوون و هەندێکی دیکە وەرنەدەگیران کە پێویست بوو وەربگیران.

وتیشی، “شێوازە نوێکە پڕکردنەوەی فۆڕمە، باری خێزان و باری دارایی و ژمارەی خێزان و ئیشوکاری بەخێوکەر و چەند شتێکی دیکەی تێدایە و بەپێی پێویستیی خێزانەکان منداڵەکان هەڵدەبژێردرێن و وەردەگیرێن و بەو فۆڕمە وا دەکرێت منداڵە شایستەکان وەربگیرێن”.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە 10 دایەنگەی حکومی هەیە و هەریەکەیان بەپێی توانای شوێن و بیناکەیان ساڵانە منداڵ وەردەگرن.

هێمن محەمەد نەجم وتیشی، “لەمساڵەوە بەو فۆڕمە منداڵ لە دایەنگەکان وەردەگیرێت و حەق دەدرێت بەوانەی بە پێی فۆڕمەکە شایستەن لە دایەنگە حکومییەکان بخوێنن و بۆ ئەوەش بارودۆخی دارایی خێزانەکان لە فۆڕمەکەدا لەبەرچاو دەگیرێت”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دایەنگە حکومییەکانی سلێمانی دەست بە دەوام دەکەنەوە

دایەنگە حکومییەکانی سلێمانی دەست بە دەوام دەکەنەوە