64 هەزاریان لێ گیراوە

رەشبگیرى حاجیانى قاچاغ دەستیپێکردووە

964+

وریا فەتاح

ماوەى دوو رۆژە وەزارەتى ناوخۆی سعودیە رێوشوێنەکانى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى بۆ حەجى قاچاغ چوونەتە وڵاتەکە توندتر کردووەتەوە، تائێستا 64 هەزار کەسیان لێ دەستگیرکردوون، وتەبێژى حەج و عومرەى هەرێمیش دەڵێت، “زۆرمان پێوتن، بەڵام بەقسەیان نەکردین”.

ئەو کەسانەى لە دەرەوەى پشکى وڵاتان و دەرەوەى رێکار و مەرجەکانى وەزارەتى حەج و عومرەى سعودیە دەچنە ئەو وڵاتە و بەشداریى وەرزى حەج دەکەن، پێیان دەوترێت حاجى قاچاغ یان حەجى قاچاغ

یەکێک لەو کەسانەى لە هەرێمى کوردستانەوە بە ڤیزاى گەشتیارى چووەتە سعودیە و دەیەوێت ببێتە حاجى، لەوێوە قسەى بۆ 964 کردوو وتى،”رەشبگیرییە، هەموو ئەو کەسانەى قاچاخن یان لە هۆتێل نایەنە دەرەوە، یان بە شاخ و کێوەکانەوەن، هەر پۆلیسەو خەڵک دەگرێت، دۆخێکى زۆر ناخۆش دروستبووە”.

بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، دەستگیرکردنەکە تەنیا لە مەککەیە، ئەوەى بیگرن دەیخەنە پاسێک و رەوانەى شارى جەددەى دەکەن، بەڵام هیچ سزا و پێبژاردنێکى بەسەردا ناسەپێنرێت، یان زیندانى بکرێت.

هەرچەندە ئامارێکى دروست لەبەردەستدا نییە، کە چەند کەس لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ حەجى قاچاغ چوونەتە سعودیە، بەڵام بە پێى زانیارییەکانى 964 کە لە یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان وەریگرتووە، لە ماوەى یەک ساڵى رابردوودا، زیاتر لە 30 هەزار کەس ڤیزاى یەک ساڵى سعودیەیان وەرگرتووە و زۆرینەیان بۆ ئەوەیان بووە، کە بەشداریى پڕۆسەى حەج بکەن لە دەرەوەى ئەو پشکەى بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە.

کاروان ستوونى، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی حه‌ج و عومرە لەسەر حاجیانى قاچاغ بۆ 964 قسەى کرد و وتى، “پێشتر چەند جارێک هۆشداریمان دا ئەو حەجە کێشەی هەیە و داوامان لە هاوڵاتیان کرد خۆیان بەدووربگرن، بەڵام لە جیاتى دەستخۆشى، قسەى ناشیرینیان پێوتین”.

باسى لەوەش کرد، نە حەج و عومرەى هەرێم و نە عێراق، ناتوانن هیچ بۆ ئەو کەسانە بکەن، کە بە شێوەى قاچاغ دەیانەوێت حەج بکەن، وەک باسى دەکات ئەوە بابەتێکە پەیوەندى بە وەزارەتى ناوخۆ و حەج و عومرەى سعودیەوە هەیە.

دوور و نزیک حەج و عومرەى هەرێم ئاگادارى دۆخى ئەو حاجییە قاچاغانەیە، وەک کاروان ستوونى باسى دەکات لە یەکشەممەوە وەزارەتى ناوخۆى سعودیە رێکارەکانى توندتر کردووەتەوە بەسەر هۆتێلەکاندا دەدەن و ئەو رێگایانەى دێنەوە بۆ مەککە، بە کۆپتەر چاودێریی دەکرێن.

وەک ئاشکراى دەکات، دوایین زانیارى ئەوەیە، تا ئێستا 64 هەزار حاجیى قاچاغ کە زۆرینەیان میسرین، دەستگیرکراون.

ئەو حاجییانەى دەستگیردەکرێن بۆ شارى جەددە دوور دەخرێنەوە، زۆربەیان لەوێوە جارێکى دیکە دەیانەوێت بچنەوە بۆ مەککە، بۆیە دەبێت 300 بۆ 350 دۆلارى کرێى هاتوچۆ بدەن، تا بە شێوەى قاچاخ بگەڕێنەوە بۆ مەککە.

کاروان ستوونى باسى لەوەش کرد، هەر کۆمپانیایەک کە گرێبەستى لەگەڵ ئەوان هەبێت و دەربکەوێت ئەو کەسانەى بردووە بۆ سعودیە، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.

نزیکەى 10 هەزار حاجى عێراقى گەیشتوونەتە سعودیە

نزیکەى 10 هەزار حاجى عێراقى گەیشتوونەتە سعودیە