ئێران

شەش کاندید کێبڕکێ بۆ شوێنگرتنەوەى رەئیسى دەکەن

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ناوی کاندیدانی شایستەى بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری راگەیاند و شەش کەس بۆ جێگرتەوەى رەئیسى دەچنە کێبڕکێوە.

ئاژانسى هەواڵى مێهرى ئێرانى بڵاوى کردەوە، بەپێی رێکارە یاساییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وەزارەتی ناوخۆ شەش کەسى وەک کاندید قبوڵ کردووە و زۆرینەى ئەوانەشى دوورخراونەتەوە کە داواکاریان پێشکەش کردبوو، لە سەرووى هەموویانەوە مەحمود ئەحمەدینەژاد.

بەم شێوەیە بۆ خولى چواردەیەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار هەریەک لە  مەسعود پزیشکیان، مستەفا پورمحەمەدى، سەعید جەلیلى، عەلى رەزا زەکانى، ئەمیر حوسێن قازیزادە هاشمی و محەمەد باقر قالیباف، کێبڕکێى بەدەستهێنانى کورسییەکەى رەئیسى دەکەن.

کاندیدەکان بناسە:

مەسعود پزیشکیان:

مەسعود پزیشکیان، لە 29ـى ئەیلولى 1954 لە شارى مەهاباد لەدایک بووە.

لە حکومەتی دووەمی محەمەد خاتەمی وەزیری تەندروستی بووە، لە خولەکانی هەشتەم، نۆیەم،  دەیەم،  یازدەیەم و دوانزەیەمیشدا وەک نوێنەری خەڵکی تەورێز لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامی بەردەوام ئامادە بووە.

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی شورەی ئیسلامی بووە لە ئەنجوومەنی دەیەمدا.

مستەفا پورمحەمەدی:

پورمحەمەدی، لە 25.12.1959 لە شارى قوم لە دایک بووە.

لە ساڵی 1979 دا وەک داواکاری گشتی دادگای ئینقلابی ئیسلامی دەستی بە چالاکییەکانی کردووە.

لە ساڵی 1997 تا 1999 بریکاری وەزیری هەواڵگری بووە.

لە حکومەتی نۆیەمدا وەزیری ناوخۆ بووە،  لە حکومەتی یازدەهەم بۆ ماوەی چوار ساڵ وەزیری داد بوە. لە ئێستادا پۆستی ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی پیاوانی ئایینی موجاهیدینی بەدەستەوەیە، هەروەها بەرپرسی ناوەندی بەڵگەنامەی شۆڕشی ئیسلامیشە.

 سەعید جەلیلی:

جەلیلی لە ساڵی 1965 لە شاری مەشهەد لەدایک بووە.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆکی گرووپی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران بووە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ساڵی 2007 تا 2013.

ساڵی 2013 لە خولی یازدەهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار خۆى کاندید کرد و بە بەدەستهێنانى 4 ملیۆن دەنگ، پلەى سێیەمى بەدەستهێنا.

لە ساڵی 2021 لە هەڵبژاردنی سێزدەهەمی سەرۆکایەتیدا وەک کاندید ناوی خۆی تۆمار کرد، بەڵام دوو رۆژ پێش هەڵبژاردن بە قازانجی ئیبراهیم رەئیسی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کشایەوە.

 عەلی رەزا زەکانی:

زەکانی لە 3.3.1966 لە تاران لە دایکبووە.

لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران لە ناوەندی پزیشکی ئەتۆمی لە کۆمەڵگەی نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی و نەخۆشخانەی شەریعەتی بووە.

زەکانی لە پەرلەمانی حەوتەم و هەشتەم و نۆیەمدا نوێنەری خەڵکی تاران بووە و لە خولی یازدەهەمدا وەک نوێنەری خەڵکی شاری قوم لە پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردراوە.

لە ساڵی 2021 بووەتە سەرۆکی شارەوانی تاران، لە ساڵی 2023 وەک یاریدەدەری سەرۆک کۆمار دەستنیشان کراوە.

ئەمیر حسێن قازیزادە هاشمی:

هاشمی لە 14.4.1971 لە شارى فریمان لە دایکبووە.

لە ساڵی 2021ـەوە وەک جێگری سەرۆک و سەرۆکی دەزگای شەهیدان لە حکومەتی سێزدەهەمدا کاری کردووە و پێشتریش جێگری سەرۆکی پەرلەمانی خولى یازدەهەم بووە.

لە خولى سێزدەهەمى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماردا کاندید بووە و پلەى چوارەمى بەدەستهێناوە.

 محەمەد باقر قالیباف:

قالیباف لە 16.9.1961 لە شارى مەشهەد لە دایک بووە.

لە ساڵی 1997دا بە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپاى پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دیاریکراوە  و لە ساڵی 2000دا کرا بە فەرماندەی هێزی پۆلیس.

ساڵى 2000 و سێ خولى لەدواى یەک و بۆ ماوەى 12 ساڵ لە پۆستى سەرۆکى شارەوانى تاران ماوەتەوە.

لە خولى 12ـەمی پەرلەماندا وەک نوێنەری خەڵکی تاران هەڵبژێردرا و لە خولی یەکەمی پەرلەمانی دوازدەیەمدا بە زۆرینەی 198 دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

لە کۆرۆنادا هات و بە کۆپتەر کۆتایى هات

لە کۆرۆنادا هات و بە کۆپتەر کۆتایى هات