لە رۆژى جیهانى ژینگەدا
بۆردوومانەکان چ کاریگەرییەکیان لەسەر ژینگەى ناوچە شاخاوییەکانى هەرێم دروستکردووە؟
964+
وریا فەتاح
لە ماوەى 17 ساڵدا، یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆنم زەوى و دارستان و پوش و پاوان و رەز و باخى هەرێمى کوردستان، بەهۆى بۆردوومان و لە شکرکێشییەکانى تورکیا و ئێران، سووتاون.
رۆژى 5ـى حوزەیرانى هەموو ساڵێک، رۆژى جیهانى ژینگەیە و لە جیهاندا ئەو فاکتەرانەى دەبنە هۆکارى لەناوبردنى ژینگە دەخرێنەڕوو و چارەسەر و پێشنیاریان بۆ دەدۆزرێتەوە، هەرێمى کوردستانیش بە چەند هۆکارێک ژینگەکەى لە مەترسیدایە، لەم بابەتەدا ئەوە دەخەینەڕوو کە بۆردومان و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانى تورکیا و ئێران چ کاریگەرییەکیان لەسەر ژینگەى هەرێم هەبووە.
بەپێى ئامارەکانى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ـى ئەمریکى، لە ساڵى 2007ـەوە تا ساڵى 2024، 1 ملیۆن و 800 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى و دارستان و پوش و پاوەن و رەز و باخ، بەهۆى بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانى تورکیاو ئێران سووتاون.
کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى ئەو رێکخراوە ئەمەریکییە بە 964ـى وت، جگە لە سووتان خاک و ژینگەى هەرێم، 2 هەزار و 500 سەر ئاژەڵ لە مەڕماڵاتى هاوڵاتیان بەهۆى بۆردوومانەکانەوە لەناو براون.
“161 گوند بە تەواوەتى چۆڵکراون هیچ چالاکییەکى کشتوکاڵیان تێدا ئەنجام نادرێت”، کامەران مەلا عوسمان واى وت.
لەبارەى کاریگەرییە ژینگەییەکانى ئەو لەشکرکێشى و بۆردومانانە، رێکخەرەکەى تیمى کوردستانى سى پى تى، وتى،”هەموو ئەو زەویانەى بۆردومانکراون، جارێکى دیکە نەتوانراوە گیاى تێدا سەوز ببێتەوە”.