خواست لەسەر کڕینى دابەزیوە

نرخى ماسى لە دهۆک زۆر بەرز بووەتەوە

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی ماسی لە بازاڕەکانى دهۆکدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵیش دەڵێت، بەهۆی قەدەغەی ماسی و کەمبوونەوەی هاوردەی بەرهەمی ماسی، لەبازاڕدا نرخەکەى بەرز بووەتەوە.

نرخی  هەر کیلۆیەک ماسی لە جۆری کارب و شەبوت سێ بۆ چوار هەزار دینار بەرز بووەتەوە، بەڵام ماسی تورکی و ئێرانی بۆ هەر کیلۆیێک تەنیا هەزار دینار بەرز بووەتەوە

964 سۆراغى ئەو بابەتەى لە چێشتخانەیەکى دهۆک کردووە، دەرکەوتووە نرخى هەر کیلۆیەک ماسى برژاو پێشتر لە نێوان هەشت بۆ 10 هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا نرخى کیلۆیەک ماسى بلاژاو 14 بۆ 15 هەزار دینارە.

رێدیر سلێمان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ گرانبوونی نرخی ماسی، ئێمە لە وەرزی قەدەغەکردنی راوکردنداین، بەتایبەت بەنداوی مووسڵ، بۆیە ئەمە هۆکارێکى سەرەکى گرانبوونى نرخى ماسییە، هۆکارێکى تر ئەوەیە کە ماسى باشوور و ناوەڕاستى عێراق کەمى کردووە ئەوش بەهۆى ئەوەى ساڵى پار لەلایەن لیژنەکانەوە زۆربەى حەوزەکانى ماسى بە بیانووى نەبوونى مۆڵەت تێکدران.

“پێشبینی دەکەین دوای مانگی شەش نرخی ماسی هەرزانتر بێت”رێدیر سلێمان وای وت.

964دەزانێت، بەرزبوونەوەى  نرخی ماسی کاریگەری لەسەر بازاری ماسی دروستکردووە و خواست لەسەری کەم بووەتەوە، بەپێى ئەوەى 964 لە چێشتخانەکانى دهۆکەوە دەستى کەوتووە، پێشتر لە چێشتخانەکانی تایبەت بە ماسی 80 بۆ 100کیلۆ دەفرۆشرا لە رۆژێکدا، بەڵام ئێستا 50 کیلۆ دەفرۆشن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ماسییه‌ گه‌وره‌كان له‌ به‌نداوى موسڵیش راوكران

ماسییه‌ گه‌وره‌كان له‌ به‌نداوى موسڵیش راوكران