ده‌بێته‌ سیه‌كان بۆ هه‌ناسه‌دانى دهۆك

گه‌وره‌ترین پاركى سه‌ر ئاستى عێراق له‌ دهۆك دروست ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌دهۆك، پاركێك دروست ده‌كرێت، ده‌ڵێن، ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین پارك له‌سه‌ر ئاستى عێراق، سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵیش ده‌ڵێت، پاركه‌كه‌ ده‌بێته‌ سییه‌كان بۆ هه‌ناسه‌دانى دهۆك.

پاركه‌كه،‌ له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا له‌سه‌ر رووبه‌رى 660 دۆنم دروستده‌كرێت و رێژه‌ى سه‌وزاییشی 80%یه‌، ژماره‌ى ئه‌و دارانه‌ى تێیدا ده‌چێندرێن 365 هه‌زار دانه‌یه‌.

گوژمه‌ى پڕۆژه‌كه‌ 126 ملیار و 60 ملیۆن و 645 هه‌ازر دیناره‌.

له‌ پاركه‌كه‌دا شوێنى وه‌ستانى ئۆتۆمبێل و رێگاى پیاده‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى وه‌ك خواردنگه‌، كافتریا، كۆشك، ئه‌شكه‌وت و شانۆى رۆمانى تێدا دروست ده‌كرێت.

نێچیرڤان حازم، سه‌رۆكى لقی دهۆكى سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى به‌ 964ـى وت، دروستكردنى ئه‌م پاڕكه‌ كه‌ گه‌وره‌ترینه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق، ده‌بێته‌ (سی) بۆ هه‌ناسه‌دانى پارێزگاى دهۆك.

وتیشی “هه‌م له‌ رووى رووبه‌ر و هه‌میش رێژه‌ى سه‌وزایی و شوێنه‌كه‌ى كه‌ ستراتیژییه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین پاركى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراقدا”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌و شوێنه‌ى لێی دروست ده‌كرێت پێده‌ڵێن ئالوكا كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌روازه‌ى دهۆك بۆ پارێزگاى موسڵ، وتیشی “ژماره‌یه‌كى زۆرى هه‌لى كاریش بۆ هاوڵاتیان ده‌ڕه‌خسێنێت”.