خۆی فیشەکی ناوە بە خۆیەوە

یەکێک لەو کەسانەی تەقەی لە پارێزەرەکەی دەربەندیخان کرد بە برینداری دەستگیرکرا

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ دوو شەممە 3.6.2024 یەکێک لەوکەسانەی کە ھەوڵی رفاندنی سەرۆکی ژووری پارێزەرانی دەربەندیخانی دابوو، فیشەکێکی ناوە بە قاچی خۆیەوە و لەکاتی رۆشتنی بۆ نەخۆشخانە لە دەربەندیخان لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

کاتژمێر 3:20 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1.6.2024 دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم، لە ژاڵەناو سەر بە ناحیەی مەیدان، دەڕۆنە باخەکەی سەرۆکی ژووری پارێزەرانی دەربەندیخان و ھەوڵی رفاندنی ئەدەن و دواتر تەقەی لێدەکەن برینداری دەکەن و ھەڵدێن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت،”یەکێک لەو کەسانەی کە تەقەی لە پارێزەرەکە کردووە، لە یەکێک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی مەیدان فیشەکی ناوە بەخۆیەوە و بەر قاچی کەوتوە، بەمەبەستی چارەسەر رۆشتووتە نەخۆشخانەی دەربەندیخان”.

وتیشی”لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە پێی زانراوە، لە نەخۆشخانە دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیسی ناحیەی مەیدان کراوە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان”.

عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، زانیاریەکانی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی،”ئەو کەسە بەپێی ماددەی 405 بڕگەی 31 کە تایبەتە بە ھەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێک، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد،”تۆمەتباری دووەم تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە، فەرمانی دەستگیرکردنی ھەیە لە ھەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی ئەویش”.