دراوی عێراقی لە جۆری 25 هەزار دیناری - وێنە: 964
بەدواداچوونی 964
سبەینێ دەنگ لەسەر بودجەی 2024 دەدرێت؟
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی کارنامەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێت دەنگ لەسەر بودجەی 2024 و خشتەکانی بدرێت، بەڵام لیژنەی دارایی هێشتا بودجەکەی پەسەند نەکردووە.
964 دەزانێت ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لەسەر بوودجەکە کۆبوونەوەی کردووە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش کۆبوونەوەکانی بەردەوامە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 964ـی روونکردەوە، نازانن ئاخۆ ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دەگاتە پەسەندکردنی بودجەکە یاخود نا.
وتیشی، “کارنامەی سبەینێی پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە، کە لەسەر بودجە دەبێت، بەڵام تا سبەینێ نازاندرێت ئاخۆ دەنگدان لەسەری ئەنجام دەدرێت یاخود نا”.
کۆتایی مانگی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2024 پەسەند کرد و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد، کە پێکهاتووە لە 211 ترلیۆن و 861 ملیار دینار.
بودجەی هەرێم لە پڕۆژەکەدا بە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار دیاری کراوە.