بووەتە نەریت و لە ترسی سزا نییە

شەش ساڵە هەم پیادەو هەم شۆفێر تا بتوانن لێی لانادەن

964+

دیلان محەمەد جەزا

لە سلێمانی نەریتێکی جوان لە نێوان پیادە و شۆفێرەکاندا هەیە، ئەو ترافیک لایتانەی بۆ پەڕینەوەی خەڵک داندراون پۆلیسی هاتوچۆ هەبێت یان نا هەردوولا رێزی دەگرن و کاری پێدەکەن.

لە سلێمانی 26 سێتی ترافیکی پەڕینەوەی پیادە هەیە، دەکەونە سەر شەقامە دیار و قەرەباڵغەکانی شار، ساڵی 2018 ئەم سێتانە داندراون.

دیلان محەمەد جەزا پەیامنێری 964 لە سلێمانی ئەم هەفتەیە چوو سەردانی زۆربەی ئەو ترافیک لایتانەی کرد، زیاتر لای دوو دانەی قەرەباڵغ مایەوە، یەکێکیان لە سەهۆڵەکەیەو ئەوەی تریان لەبەردەم دادگا، تێبینی کرد هەم خەڵک و هەم سوارڕۆکانیش پابەندبووی پێوەی، بەڵام ناوە ناوە خەڵک و شۆفێری لاساریش هەبوون بێ یاساییان دەکرد.

رێزگرتنی خەڵکەکەو شۆفێرەکان لەبەر سزا نییە، بەڵکو بووە بە نەریت، ئەگەرنا سزاکان زۆر کاریان پێ ناکرێت.

عەقید کاروان محەمەد ئەفسەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بە 964 وت ”بەپێی یاسا ئەگەر شۆفێر لەسەر هێڵی پەڕینەوە گەر هاوکاری پیادە نەکات، بە بڕی 40 هەزار دینار سزا دەدرێت، بەڵام بەپێی پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە لە هەرێمدا”.

ئەم ترافیک لایتانە زۆر سوودیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی تیاچوونی خەڵک بە رووداوی هاتوچۆ، ساڵی پار لە پارێزگای سلێمانی 153 کەس بە روداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 59 کەسیان پیادەبوون، بەرپرسانی هاتوچۆ دەڵێن ژمارەکەی ئەمساڵ کەمیکردووە، بەڵام هێشتا نازاندرێت بە دیاریکراوی چەندە.