دیمه‌نێكی به‌رهه‌مى خۆماڵى له عه‌لوه‌یه‌كی ناحیه‌ى ته‌قته‌ق... وێنه: كشتو‌كاڵى ته‌قته‌ق
رۆژانه زیاتر له 10 تۆن خه‌یار به‌رهه‌م هاتووه
جوتیارانى ته‌قته‌ق 11 جۆر میوه‌ى خۆماڵیان خستووه‌ته بازاڕه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
جوتیارانى ته‌قته‌ق، عه‌لوه‌ى میوه و سه‌وزه‌ى ناحیه‌كه‌یان پڕكردووه له سه‌وزه و میوه‌ى خۆماڵیی و تا ئێستا 11 جۆر میوه‌یان خستووه‌ته بازاڕه‌وه، كشتوكاڵیش ده‌ڵێت، رۆژ له‌دواى رۆژ جۆر و رێژه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان زیاتر ده‌بێت.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى ده‌ست 964 كه‌وتووه له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه تاوه‌كو رۆژى 27.5.2024 رۆژانه زیاتر له 10 تۆن به‌رهه‌مه‌كانى خه‌یار و ترۆزى خۆماڵى له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه براوه‌ته عه‌لوه‌ى ته‌قته‌ق، كه ئه‌مه‌ش زۆرترین رێژه‌ى به‌رهه‌مى خۆماڵی بووه و كه‌مترین رێژه‌ى به‌رهه‌مى خۆماڵیش بامیه بووه كه له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌ینا 15 كیلۆگرام خراوه‌ته بازاڕه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ى ئه‌م 27 رۆژه‌دا، رۆژانه زیاتر له نۆ تۆن لۆبیا و پێنج تۆن كوله‌كه (كودی) و سێ تۆن باینجان، براوه‌نه‌ته عه‌له‌وه‌كه‌ى ته‌قته‌ق.
به‌شێك له‌به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كان له‌م سنووره تازه پێده‌گه‌ن و رێژه‌كه‌یان كه‌مه له‌وانه‌ش به‌رهه‌مى قه‌یسی له‌ماوه‌ى ئه‌م 27 رۆژه‌دا زیاتر له 11 تۆن و ته‌ماته زیاتر له سێ تۆن و چەوەندەر نزیكه‌ى سێ تۆن و بیبەری شیرین زیاتر له یه‌ك تۆن و بیبه‌رى تیژ (تون)یش ته‌نیا 123 كلیۆگرام خراوه‌ته‌بازاڕه‌وه.
سه‌باح عوسمان ئه‌بابه‌کر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی کشتوکاڵی تەقتەق به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌م داتایه ته‌نیا بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه خۆماڵیانه‌یه كه جوتیاران بردوویانه‌ته یه‌كێك له عه‌لوه‌كانى ته‌قته‌ق كه سه‌ر به ناحیه‌كه‌مانه.
وتیشی “عه‌لوه‌یه‌كی دیكه‌ش به‌ناوى قه‌ڵاته له‌وبه‌رى پرده‌كه‌ى ته‌قته‌ق هه‌یه به‌رهه‌مى جوتیارانى بۆ ده‌چێت به‌ڵام سه‌ر سنوورى ناحیه‌ى شوانه”.
پێشبینیشی كرد رۆژ له‌دواى رۆژ به‌رهه‌مه حۆماڵییه‌كان له سنووره‌كه‌یان زیاتر ببێت و به‌شێكی زۆرى ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش ده‌برێنه بازاڕه‌كانى ده‌ره‌وه ناحیه‌ى ته‌قته‌ق.