کەی دەکرێت؟
دانیشتنی کۆتایی کەیسی کوژرانی خواناس وریا دواخرا
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
دادگای سلێمانی دانیشتنی کۆتایی لەسەر کەیسی کوژرانی خواناس وریا بۆ 25.6.2024 دواخست و پارێزەری کەیسەکە دەڵێت، لایەنی تۆمەتبار داوای دواخستنیان کردبوو.
پێشتر لە 19.3.2024 یەکەم دانیشتنی دادگاییەکە بەڕێوەچووبوو، بە وتەی پارێزەری کەیسەکە دەبوو ئەمڕۆ دانیشتنی کۆتایی بێت و دادگا بڕیار بدات.
کارزان فازیڵ، پارێزەری کەیسەکەی خواناس وریا بە 964ی راگەیاند، پارێزەری تۆمەتبار داواکاری پێشکەشی دادگا کردبوو، کە ئامادە نابێت، بەو هۆیەوە دادوەر بێ هیچ گفتوگۆ و بڕیارێک دانیشتنەکەی بۆ 25.6.2024 دواخست.
لە دانیشتنی یەکەمدا کارزان فازیڵ داوای کردبوو کەیسی خواناس وریا بۆ تیرۆر بگۆڕدرێت، “چونکە کوشتنەکەی بە پلان بووە و بە رۆژ لەناو بازاڕی چەمچەماڵ بە 10 گوللـە کوژراوە”.
خواناس وریا شانۆکار و گەنجێکی دیاری دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ بوو، لە 22ی حوزەیرانی 2023 لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گوللـەی لێکرد و کوشتی، ئەوکات وا بڵاوبووەوە خواناس بەهۆی بیروڕا جیاوازەکانی لەسەر ئایین کوژرا و دوای 24 کاتژمێریش ئاسایش ئەو کەسەی دەستگیر کردو کە خواناسی کوشتبوو.
ئەمڕۆ وا بڕیار بوو کەسوکاری خواناس کۆنگرەی رۆژنامەوانی بکەن، بەڵام وریا نازم، باوکی خواناس بە 964ی وت، “بەهۆی دواخستنی دانیشتنەکەوە کۆنگرەکەمان دواخست بۆ دانیشتنی دواتری دادگا، کە دوادانیشتن دەبێت”
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا