شاندێکی قەتەر دێتە هەولێر
قەتەر کونسوڵخانە لە هەرێم دەکاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
قەتەر کونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و بۆئەو مەبەستە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێک سەردانی هەولێر دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 24.5.2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە زاری هەڵگورد ساڵەیی، راوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند، “ئەمشەو شاندێکی قەتەری بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئەحمەد حەسەن، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەگەنە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ دەکرێت”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی پەیوەندییەکان، مەبەست لە سەردانەکە کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی دەوڵەتی قەتەرە بە شێوەیەکی فەرمی و برەودەدرێت بە پەیوەندییەکانی میرنشینی قەتەر لەگەڵ هەرێم.
“بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر لە سەرجەم بوارەکاندا گرنگیی خۆی دەبێت”، راوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم وای وت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 41 کونسوڵگەری، نووسینگەی کونسوڵگەری، نووسینگەی باڵیۆزخانە، ئاژانس و کونسوڵگەریی فەخری هەن و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.