رێکارەکان دەستیپێکردووە
“ئاوی دهۆک دەبێت بە فێنکی هەڵبگیرێت”
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
پارێزگای دهۆک رێکارەکانی پاراستنی ئاوی مقەتەر توندتر دەکات و رێگریدەکات لەوەی لەبەر خۆر دابنرێت، خاوەن کارگە و کۆگاکانیش پابەند دەکات لە مانگی حوزەیرانەوە تەنیا لە شوێنی فێنک ئەو جۆرە ئاوانە هەڵبگرن.
هەروەها رێنمایی دەرچووە، ئەو بارهەڵگرانەی ئاو دەگوازنەوە، دەبێت بە پەردە بارەکەیان دابپۆشن و رێگری لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بکەن.
ملەت زرکی، سەرۆکی لیژنەی بازاڕ لە قایمقامیەتی دهۆک بە 964ـى وت، بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی هاوین، چاودێری کارگەکانی ئاو و کۆگاکان و بارهەڵگرەکان و دوکانەکان دەکەن، نابێت ئاو لە شوێنێکی گەرمدا دابنرێت و هەروەها لە ئێستاوە لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەن دوکانەکان دەکرێت.
وتیشی، هەر هاوڵاتییەک پابەندی رێنماییەکان نەبێت غەرامە دەکرێت و شوێنەکەش بە پێی سزای نووسراوی قایمقامیەتی قەزای دهۆک، دادەخرێت.
“پێویستە خاوەن کارگە و کۆگاکان شوێنەکانیان فێنک رابگرن، بارهەڵگرەکانیش دەبێت پەرژین دروست بکەن و پەردە دابنێن”، ملەت زرکی وای وت.
964 دەزانێت، نزیکەی 10 جۆر ئاوی موقەتەر لە پارێزگای دهۆک دەفروشرێن.
پێداچوونەوە: هاوبەش