لە هەولێر

پاشماوەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری باری شارەوانی قورس کردووە

964+

بەهرە محەمەدئەمین

بۆ جاری سێیەم بڕێکی زۆری پاشماوەی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانی قەیسەری فڕیدرا، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزیش دەڵێت ئەرکێکی گرانە و دوکاندارەکان هاوکار نین.

ئەم هەڵمەتەی ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگە پارێزی هەولێرەوە ئەنجامدراوە، سێیەمین هەڵمەتی فڕێدانی پاشماوەکانە لەوەتەی قەیسەری سووتاوە.

بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگە پارێزی هەولێر کە سەرپەرشتی هەڵمەتەکان دەکات دەڵێت، تەنیا هەڵمەتی یەکەم فڕێدانی پاشماوەی سوتان بوو، دوو هەڵمەتەکەی دیکە پاشماوەکانی نۆژەنکردنەوەی دوکانەکانە کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە لە نۆژەنکردنەوەدان.

ژیار جەلال، بەرێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ی وت،”هەڵمەتەکەی ئەمڕۆ گەورە بوو، 12 بارهەڵگر، چوار شۆڤڵ و 55 کریکار تێیدا بەشداربوون، چونکە راستەوخۆش پاشماوەکان ناگوازینەوە بۆ کانی قرژاڵە، بۆیە بڕەکەی دیارینەکراوە”.

دەستکرا بە خاوێنکردنەوە بازاڕی قەیسەری هەولێر و 10 رۆژ ...

دەستکرا بە خاوێنکردنەوە بازاڕی قەیسەری هەولێر و 10 رۆژ دەخایەنێت

964 دەزانێت بڕیارە هەموو پاشماوەکانی قەیسەری لە شوێنێکی شەقامی 30 مەتری نزیک بازاڕەکە کۆدەکرێنەوە تا کۆتایی دێت، دواتر دەگوازرێتەوە بۆ کانی قرژاڵە و بڕی کۆتایی دەپێورێت، بەڵام هەر یەکە لەو 12 بارهەڵگرە ئەمڕۆ چەند سەفەرێکیان کردووە بۆ فرێدانی پاشماوەکان”.

ژیار جەلال وتیشی، “هەرچەندە دوکاندارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە هاوکارمان بن بەوەی پاشماوەکان بخەنە ناو ئەو بارهەڵگرانەی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان تەرخانی کردوون، بەڵام نایکەن و هەر فڕێی دەدەنە سەر شەقام”.

سەرەتای ئەم مانگە قەیسەری هەولێر بە هۆی ئاگرێکی گەورەوە کە چەندین کاتژمێری خایاند بۆ کۆنترۆڵکردن، سوتا و زیانێکی زۆر بەر نزیکەی 230دوکان کەوت