چەند جۆرێکی چای سریلانکی. وێنە: 964
کەش و زەوی لەبارە
سریلانکا لە کوردستان چای بەرهەم دەهێنێت
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
سریلانکا بە نیازە لە هەرێمی کوردستان چای بچێنێت کە کاڵایەکە لە نێوان ئەو وڵاتە و هەرێمدا زۆرترین بازرگانی پێوە دەکرێت.
لە جوڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی سریلانکا، چای زۆرترین جوڵەی هەیە، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 32 ملیۆن و 600 کیلۆی لێ هاتووەتە عێراق و هەرێم، ئەمەش زۆرترین بڕی هاتووی چای سریلانکا بووە.
د.ئەحمەد جەلال، کونسولی فەخری سریلانکا لە هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “ئەو چاییانەی هاوڵاتیان دەیخۆنەوە 20 جۆرن، نرخیان لە نێوان یەک تا شەش دۆلارە بۆ هەر کیلۆیەک”.
وتیشی، گرانترین جۆری چای کە لە سریلانکاوە دێتە هەرێمی کوردستان، چایەکی سپییە کە بەبێ شەکر دەخورێتەوە و نرخی هەر کیلۆیەکی لە نێوان 300-600 دۆلاردایە، ” زۆرتر دەوڵەمەندەکان دەیکڕن”.
بە قسەی ئەحمەد جەلال، هەرێمی کوردستان خاوەنی چەند ناوچەیەکی لەبارە بۆ چاندنی چا، ئەگەر لیژنەیەکی تایبەت هەبێت دەتوانن چای زۆرباش لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بێنن”.
کونسوڵخانەی سریلانکا لەگەڵ بەشێک لە بازرگانان و جوتیاران تاوتوێی چاندنی چاییان لە هەرێم کردووە.
جگە لە چای، بازاڕی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر بەهارات، شامپۆ و کەرەستەی جوانکاری وڵاتی سریلانکای تێدایە، کە لە رێگای بەندەرعەباس و دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەهێنرێن.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین