هێما ئەندازەیەکانی هاتوچۆی رێگای قەڵادزێ بۆ گوندی شێنێ نوێکرانەوە. .وێنە :هاتوچۆی راپەرین
"خەڵک شێواندوویەتی"
هێماکانی هاتوچۆ لە پشدەر نوێکرانەوە
+964
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین هەڵمەتی دانانەوە و چاککردنەوەی هێما ئەندازەییەکانی بۆ رێگای گوندو ناحییەکانی پشدەر ئەنجامدا، داوای پاراستنیشی لە هاواڵاتیان دەکات.
هێماکانی هاتوچۆی دەڤەرەکە یان قوپێنراون یان بە فیشەک و بۆیە شێوێندراون و کەڵکیان نەماوە.
عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت،“ هەڵمەتەکە تەنیا بۆ ئەو رێگایانەیە کە پێشتر هێمایان بۆ دانراوە بەڵام شێوێندراون، جارێ ئەو رێگایانە ناگریتەوە کە هێمایان بۆ دانەنراوە”.
وتیشی،” لە وهەڵمەتەدا ئەو هێمایانەی کەڵکیان نەمابوو لابراون و دوبارە هیمایان بۆ دانراوەتەوە، ئەوانەشی کە پێویستیان بە چاککردنەوە هەبوو، چاککرانەوە”.
هێماکانی هاتووچۆ له سنوورى راپهڕین شێوێندراون
964 زانیویەتی، هەڵمەتەکە رێگای قەلادزێ بۆ سەیرانگای جۆلانان و گوندەکانی شێنێ و زەلێی گرتووەتەوە و بەمەبەستی سەلامەتی گیانی شۆفێرانە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی راپەڕین، وتیشی، “هەڵمەتەکە لە گوند و ناحییەکانی پشدەر تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبێت، داواشی لە هاوڵاتیان و شوفێران کرد، هێماکانی هاتوچۆی سەرشەقامەکان بپارێزن کە بۆ خزمەتی هەمووانە”.
ئەمە یەکەمجار نییە و بەرێوەبەرایەتی و بەرپرسانی هاتوچۆ لە زۆر دەرفەتدا داوای پاراستنی هێماکانی هاتوچۆیان کردووە، چونکە زۆر جار لەلایەن هاوڵاتیانەوە
تێکدراون، دوێنێش هاتوچۆی هەڵەبجە داوایکرد هاوڵاتیان هێماکانی هاتوچۆ بپارێزن، چونکە بەشێکیان بە فیشەك شێوێندراون یان بە نوسین لە سەریان ماناکانیان لە دەستداوە”.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین