کێشەکە هەر دواکەوتنى موچە نییە

ATM خۆشی هاتنی موچەی لە فەرمانبەران تاڵکرد

964+

شیراز عەبدوڵا- هەولێر

هێشتا کێشەی هاتنی موچە بە تەواوی چارەسەر نەبووە، ئەمجارە لە وەرگرتنیشیدا موچە خۆران کێشەیان بۆ دروست بووە و ATMـەکانى پارەدان وەستان.

رۆژى 16.5.2024، وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی نیسانی راگەیاند و لە دوێنێوە دەست بە دابەشکردنی کراوە.

ئەمە یەکەم مانگە ئەم ژمارە زۆرەی موچەخۆران لە رێگای ئامێرەکانی ATMـەوە موچە وەردەگرن، مانگی رابردوو تەنیا چەن کەسێک لە ATMـەوە موچەیان وەرگرت.

فەرمانبەرانی کەرتی گشتی هێشتا خۆشی هاتنی موچەیان تەواو نەکردبوو کە سەرئێشەکانی ATM لێی تاڵکردن و بەشێکی فەرمانبەران بە چەند کاتژمێر لە نۆرەی وەرگرتنی موچەدا مانەوە.

پەیامنێری 964 لای ئامێرێکی ATMـەوە لەبەردەم کۆلێژی زانست لە شەقامی کەرکوک لە هەولێر موچەخۆرێکی دواندووە، ئەو بە 964ـى وت،”سەعات و نیوێکە بە سەیارەی خۆم بۆ وەرگرتنی موچە رادەکەم،ئەمە چوارەم شوێنە کە لێی وەستاوم، سێ شوێنم کردووە لە دوانیان کارەبا نەبوو لە سێیەمیش نەیدەخوێندەوە، لە زۆربەی شوێنەکان کارەبا نەبوو و زۆریش قەرەباڵغ بوو”.

بە قسەی ئەو موچەخۆرە، لە یەکێک لە ئامێرەکانی شەقامی سەد مەتری و لە یەکێکیش لە شەقامی 40 مەتری نەیتوانیوە موچەکەی وەربگرێت.

پەیامنێری 964 لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ئەزلایڤەدا بە چاوی خۆی بینیویەتی ئامێرەکە بە موچەخۆرانی وتوە “ببورە، دوبارە هەوڵبدەرەوە”، دواتر چووەتە لای ئامێرێکی تری ATM لە نزیک وەزارەتی گواستنەوە ئەوێ نە قەرەبالغ بووە نە کێشەی هەبووە.

دارشتنەوە: بەهرە محەمەدئەمین