زۆربەیان بەڕێگەی ئاسمانی دەچن
ئەمساڵ 4685 هاوڵاتی هەرێم فەریزی حەج بەجێدەگەیەنن
964+
ژووری هەواڵ
ئەمساڵ چوار هەزار و 685 هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناویان نوسیوە تا بچنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و لە رۆژی 27ـی ئەم مانگە یەکەم گەشتیان دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024، کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، ژمارەی حاجیان بۆ ئەمساڵ چوار هەزار 685 کەسە و لەو ژمارەیەش یەک هەزار و 640 کەسیان لەرێگەی وشکانییەوە لە رۆژانی 27.5.2024 تاوەکو 5.6.2024 دەگەنە سعودیە.
ئەو ژمارەیەی حاجیان تەنیا ئەوانەن کە بەڕێگەی فەرمی دەچن، هەشە بەرێگەی نافەرمی و بە ڤیزای یەکساڵی گەشت بۆ سعودیە دەکەن تاوەکو فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، بە وتەی کاروان ستونی ئەمانە رووبەرووی سزا دەبنەوە لەلایەن حکومەتی سعودیەوە.
نرخی فەرمی رۆشتن بۆ سعودیە بە رێگەی ئاسمانی بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بە شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار دیاریکراوە و نرخی وشکانییەکەش پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینارە، هەر بەم پارەیە خزمەتگوزاری مانەوە لە هۆتێل و خواردن بۆ حاجیان دابیندەکرێت، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وای وت.
گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی ئەنجامدەدرێن.