دیمەنى گەوڕەکانى ناحیەى ژاراوە وێنە: 964+
چارەسەر دەکرێت
دانیشتوانى گەڕەکى شێنێ لە ژاراوە بەدەست بۆنى ئاغەڵەکان گرفتار بوون
964+
وریا فەتاح
بەشێک لە دانیشتوانى گەڕەکى شێنێ لە ژاراوە بەدەست بۆنى ناخۆشى ئەو ئەو ئاغەڵانەوە گرفتار بوون کە دەکەونە پەڕى شارەدێکە، بەڕێوەبەرى ناحیەکەش دەڵێت،”چارەسەرى دەکەین”.
حوسێن حەسەن، دانیشتویەکى گەڕەکى شێنێى ناحیەى ژاراوەیە، ماڵەکەیان دەکەوێتە پەڕى شار و نزیکەى 500 مەتر لە شوێنى ئاغەڵ و گەوڕەکانەوە دوورە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، بەهۆى بوونى ژمارەیەک ئاغەڵ (گەوڕ)ـى بەخێوکردنى مەڕوماڵات، بێزار بووین و بۆنەکەى دێتە ناو ماڵەکانمان.
ژمارەى ئەو گەوڕانە 8 بۆ 10 دانەن و دووانیان گاودارى گەورەن، بە وتەى ئەو هاوڵاتییە نابێت گاودارى و شوێنى بەخێوکردنى مەڕوماڵات لە نزیک شوێنى نیشتەجێبون بێت، وەک خۆى باسى دەکات، دەبێت شارەوانى لە شوێنێکى دوور لە دانیشتوان شوێنیان بۆ دیارى بکات.
964 کێشەى دانیشتوانى ئەو گەڕەکەى خستە بەردەم عەبدوڵا عەباس، بەڕێوەبەرى ناحیەى ژاراوە، ئەو لە وەڵامدا وتى،”لەگەڵ سەرۆکى شارەوانى لەسەر ئەو بابەتە قسەمان کردووە، خاوەن ئاغەڵ و گاودارییەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە کە نابێت زبڵ و پاشماوەى ئاژەڵەکان لەوێ فڕێ بدەن و دەبێت دوورى بخەنەوە، چونکە ئەوە هۆکارى سەرەکى بڵابوونەوەى بۆنەکەیە”.
لەناو ئاغەڵ و گاودارییەکان پانکەى گەورە هەیە بۆ ئاڵوگۆڕى هەوا، بە وتەى عەبدوڵا عەباس ئەوەش یەکێکى ترە لە هۆکارەکانى بڵاوبوونەوەى بۆنەکە، بۆیە پێیان وتراوە نابێت چیتر ئەو پانکانە ئیش پێبکەن.
ناحیەى ژاراوە، دەکەوێتە سنورى قەزاى پشدەر، ژمارەى دانیشتوانەکەى زیاترە لە 20 هەزار کەس و رووبەرەکەى 303 کیلۆمەتر دوجایە 1.5%ـى رووبەرى پارێزگاى سلێمانى پێکدەهێنێت و زیاتر لە 40 گوندى بەسەرەوەیە.