گردبوونەوەیەکی پێشتری خاوەن زەویە کشتوکاڵیەکانی گوندی شەناغە و پەڵکانە - وینە: 964
سوپای عێراق داوای کردووە
کارپێکردنی بیرە ئاوەکانی ناو گوندەکانی سەرگەڕان قەدەغە کرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سوپای عێراق دوای لە دانیشتووانی پێنج گوندی ناحیەی سەرگەڕان کردووە نابێت کار بە بیری ئاوی ناو گوندەکان بکرێت.
دوای چەند رۆژێک لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناحیەی سەرگەڕان لەنێوان جوتیاران کورد و عەرەبی هاوردە، دوێنی شەممە 11.5.2024 سوپای عێراق دانیشتووانی چەند گوندێکی ناحیەی سەرگەڕانی ئاگادار کردووەتەوە، کە بیری ئاوی خواردنەوەی گوندەکە ئیش پێ نەکەن تا کێشەکان چارەسەر دەکرێن.
محەمەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە 964ـی وت، “دوێنی شەممە مەفرەزەیەکی سوپای عێراق هاتن و پێیان وتین بە هیچ شێوەیەک نابێت بیری ئاوی خواردنەوەی گوندەکە ئیش پێ بکەین”.
گوندەکان بریتین لە؛ شەناغە، گابەرەکە، سەربەشاخ، پەڵکانە و خەرابە.
نوێنەری جوتیارەکان وتیشی، “ئێمە بەرلەوەی دەست بە تۆوچاندن بکەین نوێنەری کشتوکاڵ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ئاگاداربوون و لارییان نەبووە، کەچی ئێستا خۆیان رێز لە بڕیارەکەی خۆیان ناگرن”.
ناحیەی سەرگەران دەکەوێتە رۆژئاوای کەرکوک و سەر بە قەزای دووبزە، پێکهاتووە لە 42 گوند.
ناحیەی سەرگەڕان یەکێکە لە ناحیەکانی ناوچەی مادەی 140 و ماوەی پێنج رۆژە عەرەبی هاوردە لەناو گوندی پەڵکانە خێوەتیان هەڵداوە و بە پاڵپشتی سوپای عێراق رێگری دەکرێت لە جوتیارانی کورد دروێنە بکەن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد