حاسڵاتی کوردستان
تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و ژنکوشتن لە ئێران زۆرە
964+
ژووری هەواڵ
میدیاکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن: لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا سوپای تورکیا چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە و نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتە سەر ئەو تونێلانەی گەریلاکانی پەکەکەی تێدابووە.
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رۆژی 11ی ئەم مانگەی دەستنیشانکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، راشیگەیاندووە پاڵێوراوەکان دەتوانن هەتا رۆژی 18ی ئەم مانگە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
لە شاری سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان رەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردووە و زیانی زۆری گەیاندووە بە کەمپی واشوکانی و چادرێكی زۆری بە ئاسماندا بردووە، لەو کەمپەدا 16 هەزار ئاوارە دەژین.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیعتماد، کە پشتی بە ئامارە فەرمییەکان بەستووە، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 21ی ئادار تا 4ی ئایار واتە لە ماوەی 45 رۆژدا لانیکەم 23 ژن لەلایەن هاوسەر، باوک، برا، کوڕ و یاخود خوازبێنیکارانی پێشوویانەوە کوژراون.
لە زیندانی ئاسایشی وان گەنجێکی باکووری کوردستان، کە تەمەنی 20 ساڵە گیانی لەدەست دا، کەسوکارەکەی دەڵێن لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە، بەڵام بەرپرسانی زیندانییەکە بە باوکی گەنجەکەیان وتووە لە ژووری تاکە کەسیدا خۆی هەڵواسیوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: چوار هاوڵاتی کورد لە شاری پیرانشار سزای 16 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، بەو تۆمەتەی گوایە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانن.