لەلایەن سوپای عێراقەوە
لە ناوچەی داودە رێگری لە جوتیاران کراوە بەرهەمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە سنووری ناوچەی داودە، سوپای عێراق رێگری لە جوتیاران دەکات بەرهەمەکانیان بۆ سایلۆکان بگوازنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، جارێکی دیکە لە بازگەی چینکۆکەی گوندی خدر وەلی، سوپای عێراق رێگە بە جوتیارانی گوندەکانی ناوچەی دەودە نادات گەنمەکانیان بھێننە ناو قەزاکەوە و لە سایلۆ ساغی بکەنەوە.
مەریوان عەزیز، جوتیارێکی ناوچەی داودەیە بە 964ـی وت، “ساڵانە دووجار رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە و لەلایەن بازگەکانەوە رێگرییان لێ دەکرێت بەرهەمەکانیان ببەنە سایلۆ، بەبیانووی جیاواز کێشە بۆ جوتیارانی ناوچەی داودە دروست دەکەن.
حەیدەر عەلی، بەڕێوەبەری سایلۆی خورماتوو بە964ـی وت، “ئەوان ئاگاداری بابەتەکەن و ئەو هێزەی رێگری لەجوتیاران دەکات، سوپای عێراق و ئاسایشی نیشتیمانی قەزاکەن، کە بەنوسراوی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە هەر جوتیارێت پلانی سایلۆی نەبێت مافی ئەوەی نابێت بەرهەمەکانی لەسایلۆ لێ وەربگیرێت،
دەشڵێت، ساڵانە دەبێت پێشوەختە جوتیارانی سنوورەکە لەلایەن سایلۆ و کشتوکاڵی قەزاکەوە پلانی سایلۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی هێنانی بەرهەمەکانیان ناویان لای ئەو بازگانە تۆمارکرابێت، بەپێچەوانەوە رێگریان لێ دەکرێت و مافی ئەوەیا نابێت بەروبوومەکانیان بهێننە سایلۆ.
راشیگەیاند، “ئەو جوتیارانەی کە رێگریان لێکراوە سەردانی فەرمانگەی کشتوکاڵی قەزاکە بکەن بۆ ئەوەی پلانیان بۆ دابنرێت و ناوییان لەبازگەکانی ناوچەی داودە تۆمار بکرێت.
964 پەیوەندی بە فەرمانگەی کشتوکاڵی قەزاکەوە کرد بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبو”.
لە هەمانکاتدا چەند رۆژێکە جوتیارانی بەشێک لە گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕانی کەرکوک کێشەی دروێنەکردن و زەویوزاریان هەیە لەگەڵ عەرەبی هاوردە لە سنوورەکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی