بەهۆی ڤایرۆسی RSV لە نەخۆشخانەی هیڤی شوێن بۆ منداڵی نەخوش نەماوە

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی RSV لەناو منداڵان لە دهۆک و زۆری ژمارەکەیان وایکردووە جێگە بۆ منداڵانی نەخۆش لە نەخۆشخانەی هیڤی لە دهۆک نەمێنێت.

ئەو ڤایرۆسە کە لەناو منداڵان بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە، منداڵێکی زۆری تووشی تەنگە نەفەسی و کۆکە و هەڵامەت کردووە، بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو منداڵانەی بەو نەخۆشییەوە روو لە نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان لە دهۆک دەکەن، شوێن بۆ خەواندنی نەخۆشی نوێ نەماوە.

دکتۆر ئازاد عەبدولجەبار، یاریدەدەری بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان بە 964+ـی  وت “لە نەخۆشخانەی هیڤی جێگەی 200 نەخۆش هەیە تێیدا بخەوێندرێت، بەڵام ئێستا زیاتر لە 300 نەخۆش خەوێندراون، هەروەها رۆژانە زیاتر لە 560 نەخۆش لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن وچارەسەر وەردەگرن”.

بە قسەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە بێت، ئەو ڤایرۆسە زیاتر لە منداڵانی تەمەن سێ مانگ بۆ شەش ساڵی دەبێت.

بەپێ زانیارییەکانی 964+، مانگانە نزیکەی 10 هەزار منداڵ بەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆرەوە سەردانی نەخۆشخانەی هیڤی لە دهۆک دەکەن.

دکتۆر ئازاد دەشڵێت: تەنای منداڵی سەنتەری پارێزگای دهۆک سەرانیان ناکات، بەڵکو لە دەرەوەش دێن، لەوانە لە زاخۆ و موسڵیش دێن. زیاتر وتی “زۆرێک لەو منداڵانەی سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن پێویستییان بە ئۆکسجین هەیە، بەڵام ئێمە تەنیا شەش تەختی خەواندنمان لە چاودێری چڕ هەیە، بۆیە زۆر پێویستیمان بە تەختی دیکە هەیە، بۆ ئەمەش سوودمان لە هۆڵی نەشتەرگەری بینیوەو تەختمان بۆ نەخۆشە منداڵەکان داناوە کە پێویستییان بە ئۆکسجینە”. 

 بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی RSV لەناو منداڵاندا، پرسێکی جیهانییە، بەڵام ئەوەی وایکردووە لە دهۆک دۆخەکە جیاواز بێت، بچووکی نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان و، ئەو سنوورە فراوانەیە بەسەر نەخۆشخانەکە.