حاسڵاتی ئەم ئێوارەیە

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران دەڵێن: لە هێرشێک 15 سەربازی تورکیا کوژراون

964+

ژووری هەواڵ

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران دەڵێن: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە نارنجۆک و چەکی سوک هێرشیانکردووتە سەر بنکەیەکی سەربازانی تورکیا، 15 سەربازیان کوشتووەو پێنج خێمەیان سوتاندووەو دوو سەنگەریان لەناوبردووە.

دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان پێشبینی کردووە ئەمساڵ لە وەرزی دروێنە یەک ملیۆن و 500 سەد هەزار تۆن گەنمیان بە دەست بگات، ئەمەش دوو سەد هەزار تۆنی زیاترە لە ساڵی پار.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن: تەنیا لەماوەی مانگی رابردوودا 77 کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە مانگی پێشووتر 18 بەندکراو بووە، واتە بەڕێژەی 328% لە سێدارەدان زیادی کردووە.

دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاندووە: شاری حەسەکە و شارۆچکەکانی دەوروبەری دووچاری قەیرانێکی قووڵی کەمئاوی بوونەتەوە، پێنج ساڵە تورکیا رێگە نادات لە (سەرێ کانی)یەوە ئاوی خواردەنەوە بگاتە حەسەکە، خەڵکەکەی پشتیان بە ئاوی بیر بەستووە، ئەویش رووی لە کەمییە.

بەردین جەعفەر هونەرمەندێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کردووە، کەسە نزیکەکانی دەڵێن بەهۆی ئەوەوە دەستگیرکراوە کە لە ئاهەنگی نەورۆز لە کرماشان گۆرانی وتووە، پێشتریش چەند گۆرانییەکی بەسەر ژن و زمانی کوردیدا وتووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند لەکاتێکدا هێزێکی پەکەکەو یەگەپە بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان کە بەدەست تورکیاوەیە، هێزە تورکییەکان رووبەروویان بوونەتەوەو حەوت گەریلا گیانیان بەخشیوە.