باوکى چى دەڵێت؟

لە کەلار منداڵێک لەدایکبووە دڵى لاى راستە و گوێچکەشى نیە

964+

میلاد جەلال_گەرمیان

لە قەزاى کەلار 28 رۆژە منداڵێکى نەبەکام لەدایکبووە و تائێستا ماڵەوەى نەبینیوە و هەر لە نەخۆشخانەیە، چونکە حاڵەتێکى دەگمەنى هەیە بەشێوەیەک گوێچکەى نییە و دڵیشى لە بەشى راستى سنگییەتى.

منداڵەکە لە رەگەزى نێرە و 28 رۆژ لەمەوبەر لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى قەزاى کەلار بە نەشتەرگەرى هاتووەتە دنیاوە.

کامەران نەجم، باوکی ئەو منداڵەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت،”منداڵەکەم جگە لەوەی ھەردوو گوێی نییە، دڵیشی لەلای راستەوەیە و بەشی ناوەوەی جەستەشی تەواو نییە و بە سۆندە شیری پێدەدەین”.

کامەران نەجم جگە لەو منداڵە دوو منداڵى دیکەى هەیە، بەڵام وەک خۆى دەڵێت، منداڵەکانى دیکەی هیچ گرفتێکیان نیە و پێشتریش لە خێزانەکەیاندا هیچ حاڵەتێکى وایان نەبووە.

منداڵەکە دواى لەدایکبوونى 20 رۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى سلێمانى لەژێر چاودێرى پزیشکدا مابووەوە، بەڵام ئێستا گەڕێنراوەتەوە بۆ کەلار و لە نەخۆشخانەى قەڵا لە بەشى منداڵان لەژێر چاودێریدایە.

بۆ زانینى حاڵەتەکە پەیامنێری 964، چەند جارێک پەیوەندیکرد بەو پزیشکەی کە چاودێری ئەو منداڵە دەکات لە نەخۆشخانەی قەڵا، بەڵام پەیوەندیەکە بێ وەڵام بوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

مانگی رابردوو 266 منداڵ بە نەبەکامی لەدایک بوون

مانگی رابردوو 266 منداڵ بە نەبەکامی لەدایک بوون