چەند رۆژێکى کەمى ماوە بۆ بانگەشە
کاندیدەکان قەلەقن و فلێکس و پۆستەرەکانیان لەچاپ نەداون
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بڕیارە رۆژى 10.5.2024، بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکات، بەڵام وەک دەردەکەوێت کاندید و لیستەکان متمانەی تەواویان نییە بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن، بۆیە سارد و قەلەقن لە خەرجکردنى پارە و لەچاپدانى فلێکس و پۆستەرەکانى تایبەت بە هەڵبژاردن.
ساڵانى رابردوو مانگێک پێش هەڵبژاردن کاندید و قەوارەکان، ئامادەکارییەکانیان دەستپێدەکرد و فلێکس و پۆستەرەکانیان لەچاپ دەدا، بەڵام ئێستا ئەوەى هەیە تەنیا نۆرەگرتنە و دوودڵن لە چاپکردنى.
مەسعود ساڵی، بەرپرسی بەشی ئەدڤێرتایسینی کۆمپانیای شێرکۆ بە 964ـى وت، “تائێستا چەند کاندیدێکى کەم هاتوون و رێککەوتنمان کردووە بۆ لە چاپدانى پێویستییەکانیان، بەڵام جارێ چاوەڕێى یەکلایى بوونەوەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنن، چونکە قەلەق و دودڵن دەترسن پارە خەرج بکەن و هەڵبژاردن نەکرێت”.
بە وتەى مەسعود ساڵى، ساڵانى رابردوو پێش هەڵبژاردن لۆدى زۆریان لەسەر بووە، بەڵام ئەمساڵ ساردوسڕى پێوە دیارە، چونکە دڵنیانین.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح