کێشەکە لەسەر چییە؟
سوپای عێراق دروێنەی لە چەند گوندێکی ناحیەی پردێ قەدەغە کرد
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
چەند رۆژێک لەمەوبەر سوپای عێراق دروێنەکردنی جۆی لە جوتیارانی کوردی سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز قەدەغە کرد، ئەمڕۆ جارێکی دیکە سوپای عێراق دروێنەی لە چەند گوندێکی دیکەی سەر بەناحیەی پردێ قەدەغەکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29.4.2024، هاوشێوەی گوندەکانی سەرگەڕان و پەڵکانە، دروێنەکردن لەسنووری گوندەکانی ناوچەی ساڵەیی سەر بە ناحیەی پردێ بە بڕیاری سوپای عێراق راگیراو و سەرجەم جوتیارانی سنورەکەش ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت دروێنە بکەن.
ئەحمەد فەرهاد جوتیارێکی گوندی گەڵۆزیە بە 964ـی وت، “سەرەتای وەرزی چاندن، سوپا رێگری لە تۆوکردن و هاتوچۆی جوتیاران دەکرد، ناچار بە شێوەی قاچاخ دەهاتینە گوندەکانمان و کارمان دەکرد”.
ئەوەشی وت، “دوێنی بە سێ ئۆتۆمبێلەوە بەرهەمەکانمان بۆ کەرکوک دەبرد، دوو لە ئۆتۆمبێلەکان لە پێشی منەوە بوون، من کەمێک دواکەوتم هەردوو هاورێکەم لە پێشی منەوە بوون پەیوەندیان پێوەکردین کە بەزووترین کات بگەڕێمەوە ئەوان لە بازگەی کەرکوک دەستگیرکراون و دەست بەسەر ئۆتۆمبێل و بەرهەمەکەیاندا گیراوە، ئەمڕۆ دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کراون”.
محەمەد فازڵ جوتیارێکی سنووری ناحیەی سەرگەڕان بە 964ـی وت، لەدوێنێوە سوپا رێگری لە دەراسەکان دەکات دروێنە بکات، لەکاتێکدا پارەی زۆرمان خەرج کردووە بۆئەوەی ئێستا بەرهەم و خێر وبێرەکەی بدورینەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە دۆسیەکە بە 964ـی وت، هەندێک لەو گوندانەی سنووری پردێ ساڵانی پێشوو کێشەیان نەبووە، ئێستا لەلایەن فەرماندەی فرقەی هەشتەوە رێگریان لێ دەکرێت، بەبیانوی ئەوەی بەقاچاخ بەرهەمەکانیان دەهێنە نێو کەرکوکەوە.
ئەو سەرچاوە ئەمنیە رەتیدەکاتەوە ئەو بەرهەمەی جوتیارانی ئەو گوندە دەیهێنن قاچاخ بێت، ئەمەش بەو هۆکارەی، ئەو چەند گوندە سنووریان کەوتووەتە نێوان سوپا و پێشمەرگە بە دیوی ناوچەی قەرە سالم، بەڵام سوپای عێراق حسابی قاچاخ بۆ ئەو بەرهەمانە دەکات.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕیارە لیژنەیەک پێکبهێنرێت سەردانی سوپا و پێشمەرگە بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشەیە.
لەسەر دەستگیرکردنی دوو جوتیاری کوردی گوندی گەڵۆزی، ئەمڕۆ جوتیارانی گوندەکە گردبونەوەیەکی نارەزایەتیان ئەنجام دا داوا لە بەرپرسانی کورد دەکەن بێن بە هانایانەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی