هانده‌رانی وه‌رزشی له‌ ئیسكان ئاڵاكانی كوردستان و عێراقیان به‌رزكرده‌وه‌

964+
شۆڕش عه‌بدولسه‌تار – هه‌ولێر

شه‌وی رابردوو له‌ كاتی یارییه‌كه‌ی عێراق و قه‌ته‌ر، هانده‌رانی وه‌رزشی و هاوڵاتیانی كورد و عه‌ره‌ب له‌ شه‌قامی ئیسكانی هه‌ولێر، ئاڵای كوردستان و عێراقیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ئاهه‌نگیان گێڕا.

شه‌قامی ئیسكان له‌ هه‌ولێر، هه‌ر كاتێك یارییه‌كی گرنگ و به‌هێزی تۆپی پێ هه‌بێت، پڕ ده‌بێت له‌ هانده‌رانی وه‌رزشی و كه‌شێكی زۆر تایبه‌ت و گه‌رموگوڕ دێته‌ ئاراوه‌.

سه‌ره‌ڕای ساردیی كه‌شوهه‌وا، به‌ڵام ئیسكان گه‌رموگوڕیی هانده‌رانی وه‌رزشی بۆ یارییه‌كان له‌ ده‌ست نادات.

شه‌وی رابردووش كامێرای 964+ له‌ ئیسكان بوو، كاتێك هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ یاریی پێش كۆتایی جامی كه‌نداوی 25 به‌ ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕی برده‌وه‌ و گه‌یشته‌ یاریی كۆتایی.

هه‌ندێك له‌ هانده‌رانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ 964+ قسه‌یان كرد و دڵخۆشیی خۆیان به‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان ده‌بڕی.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو، ئه‌و كه‌شه‌ دۆستانه‌یه‌ بوو له‌ نێوان هانده‌رانی كورد و عه‌ره‌ب له‌ ئیسكان، كه‌ هوتافی جیاجیان ده‌گوته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاڵاكانی كوردستان و عێراق به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ ده‌ستی وه‌رزشدۆستان و هاوڵاتیان به‌رزكرایه‌وه‌ و هه‌یه‌جانی خه‌ڵكه‌كه‌ی زیاتر كردبوو.

ئه‌مه‌ جگه‌ی ژماره‌یه‌ك ژنی عه‌ره‌بیش بۆ بینینی یارییه‌كه‌ و به‌شداریكردن له‌ خۆشیی هانده‌ران له‌ شه‌قامی ئیسكان ئاماده‌بوون و دڵخۆشیی خۆیان ده‌ربڕی.

له‌ جامی كه‌نداوی 25، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و عومان گه‌یشتوونه‌ته‌ یاریی كۆتایی و بڕیاره‌ 19ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌سڕه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه‌.