ئەوان لە کەمپی باریکە نیشتەجێن

کوردانی رۆژئاوا “ترسیان هەبووە” منداڵەکانیان بە ڤاکسینی دژە سورێژە بکوترێن

964+

ئەحمەد مستەفا

تیمێکی تەندروستی عەربەت سەردانی کەمپی باریکە- یان کرد، کە پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە خوارووی ناحیەکە، روونکردنەوەیان داوە بە دایک و باوکی ئەو قوتابییانەی بڕیار دراوە بۆ بەرگری لە نەخۆشی سورێژە، بە ڤاکسین بکوترێن.

کەمپی باریکە لە عەربەت تایبەتە کوردانی رۆژئاوای کوردستان و زیاتر لە 10 هەزار پەنابەر تێیدا دەژین، لەو ژمارەیە رێژەیەکیان قوتابین و تیم چووە تا بە ڤاکسین بیانکوتن.

لە بارەی نا دڵنیایی ئەو خێزانانە 964، چەند جارێک پەیوەندی بە کەسی یەکەمی کەمپەکە، پەیام سەلام بەڕێوەبەری کەمپی باریکە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە، دکتۆر وریا حەسەن، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی عەربەتی خوارووە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، “پاش ئەوەی زانیمان کە گومان و ترسێک دروستبووە بەرامبەر ئەم هەڵمەتی کوتانە لەلایەن خوشک و برایانمان لە کەمپی رۆژئاوا، سەردانی کەمپی ناوبراومان کرد بۆ رەواندنەوەی ترس و دوو دڵی دایک و باوکیان”.

ئەو بەڕێوەبەرە لە بارەی هەوڵەکەیانەوە ئەوەشی نوسیوە، “روونکردنەوەی تەواومان پێداون سەبارەت بە کوتانەکە و دڵنیاییمان پێدان کە کوتانەکە سەلامەتە و کێشەی نیە، وە بۆ پاراستنی گیانی جگەرگۆشەکانیانە”. ئەوەشی باسکردووە، “کاک پەیام لێپرسراوی ئیدارەی کەمپ هاوکار دەبن لەگەڵمان بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەکە”.

رۆژی 16.4.2024، بە بەشدارى سێ هەزار و 280 کارمەندى تەندروستى کە لە هەزار و 94 تیم پێکهاتوون، هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە دەستیپێکرد و لە ماوەى 10 رۆژدا نزیکەى 900 هەزار منداڵ دەکوترێن، کە بەشێکیان قوتابی ناو کەمپەکانن.

بەپێى راگەیەنراوى وەزارەتى تەندروستى، لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و نەوەکانی ئایندە، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دەستیپێکردووە لەناو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان، هەروەک بەردەوامیش دەبێت لەزیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی رۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان.

هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە لە قوتا...

هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە لە قوتابخانەکان دەستپێدەکات

لە عێراق 27 هەزار حاڵەتى توشبوون بە نەخۆشى سورێژە تۆمار ...

لە عێراق 27 هەزار حاڵەتى توشبوون بە نەخۆشى سورێژە تۆمار کراوە