هەموو کامێرایەک “پۆینت تو پۆینت” نییە
+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
تا ئێستا کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت لەناو شاری سلێمانی دانەنراون و بەرپرسێکی ھاتوچۆش دەڵێت، “ئەو کامێرایانەی ناو شار ھی ئاساییشن و خەڵک لێی تێکچووە”.
دەنگۆیەک هەبوو، گوایە کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی لەسەر شەقامەکانی ناو شاری سلێمانی دانراون.
لەوبارەیەوە، عەمید سەعدوڵا عەزیز بەڕێوەبەری کارگێڕی ھاتوچۆی سلێمانی بە +964ی راگەیاند، ئەو کامێرایانەی لەناو شاری سلێمانیدا دانراون ھیچیان کامێرای ھاتوچۆ نین، “سەرجەمیان کامێرای چاودێری ئاسایشی سلێمانیە و خەڵک لێی تێکچووە”.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سەرقاڵى دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی دەرەوەی شارن، تا ئێستا کارکردن تیایاندا تەواو نەبووە و لەلایەن ھاتوچۆوە وەرنەگیراوە.
وتیشی, “پێویستە کۆمپانیا ئاگادارمان بکاتەوە و سەیری دەکەین ھاوپێچ بوو لەگەڵ گرێبەستەکە وەریدەگرین، تا ئێستا ھیچ قۆناغێکی وەرنەگیراوە”.
پێشتر ئەنوەر تاهیر محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ی وتبوو، لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاوە بۆ قەدەغەکردنی دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دانانی ئەو کامێرایانەدا رووینەداوە.