بلیت دەفرۆشێت
دواى بردنەوەى خولى کوردستان دەبێت بە پارە سەیرى یارییەکانى ئاکرێ بکەن
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
بۆ یارییەکەیان لە جامى هەرێمى کوردستان، بڕیارە رۆژى شەممەى داهاتوو یانەى ئاکرێ لە یاریگا نوێیەکەى میواندارى یانەى زاخۆ بکات و هاندەرانیش بە بلیت دەچنە ژوورەوە.
دواى بردنەوەى خولى کوردستان، هاندەران و خەڵکى ئاکرێ هاوشێوەی هاندەرانى یانەی دهۆک، دەیانەوێت بە کڕینى بلیت هاوکارى یانەکەیان بکەن.
سوهەیب عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی ئاکرێ بە 964ـى وت،”یەکەمجارە بلیت بفرۆشین، کڕینەکەش بە رەزامەندییە و هەر کەسێک بۆ پشتگیرى یانەى ئاکرێ دەتوانێت بیکڕێت”.
بە وتەى ئەو بەرپرسەى یانەى ئاکرێ، لە وەرزى ئەمساڵدا یانەکەیان 400 ملیۆن دینار خەرجیان هەبووە، 300 ملیۆن دیناریش لەلایەن حکومەتەوە هاوکارى کراون، بەڵام ئێستا 100 ملیۆن دینار کورتهێنانیان هەیە و قەرزدارن، بۆیە بلیت بۆ یارییەکان دادەنێن و هەر کەسێک بۆ پشتیوانى یانەکە دەتوانێت بیکڕێت.
یاریگا نوێکەى یانەى ئاکرێ لە ساڵى 2010 دوستکراوە، بەڵام ماوەیەکى زۆر پشتگوێخراو ئێستا جارێکى دیکە نۆژەنکراوەتەوە و جێگاى 10 هەزار هاندەر دەبێت، وەک ئەوەى بەرپرسى راگەیاندنى یانەکە ئاماژەى پێدەکات، بۆ یارییەکەیان بەرامبەر زاخۆ، نزیکەى 7 هەزار بلیتیان فرۆشتووە.
ئەم وەرزە بۆ یانەى ئاکرێ بێ دەستکەوت تێنەپەڕى، رۆژى 15ـى ئەم مانگە بۆ یهكهمجار له مێژووی خۆیدا بووه پاڵهوانی خولی نایابی كوردستان له تۆپی پێ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح