سەرانەسێن و تەقەکەر بوو
ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا کە بە زەبرى چەک ئۆتۆمبێلى لە هاوڵاتیان دەسەند
964+
وریا فەتاح
ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارەى راگەیاند کە لە ماوەى رابردوودا چوار ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیانى دزیبوو و تەقەى لە مەفرەزەکانى ئاسایشیش کرد بوو.
دەزگاى ئاسایشى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای چاودێری و بەدواداچوون لەرۆژی 14.4.2024 لەقەزای چەمچەماڵ، توانرا تۆمەتبارێکی داواکراوی هەڵاتوو لە یاسا، بەناوى (پ.ف.ح) کە تەمەنى 24 ساڵە دەستگیر بکرێت.
بە گوێرەى راگەیەنراوەکەى ئاسایش، تۆمەتبار چەندین پێشینەى تواناى دزیکردنى ئۆتۆمبێل و هەڵکوتانە سەر هاوڵاتیان و سەرانە وەگرتن و تەقەکردن لە مەفرەزەکانى ئاسایشى هەبووە.
وەک ئەوەى ئاسایش بڵاوى کردووەتەوە، لەسەر رێگای ناحیەی شۆڕش و سەنگاو و قەزای کەلار، بەزەبری چەک چەندین ئۆتۆمبێلی لەهاوڵاتیان سەندووە و بووەتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان و رێبوارانی سنوورەکە.
“دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار و دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکان، سەرجەم ئۆتۆمبێلە دزراوەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا رادەستی خاوەکانیان کراونەتەوە”، ئاسایش لە روونکردنەوەکەیدا وا دەڵێت.
ئێستا تۆمەتبار بەماددەکانی، 443 و 441 و 446 لە یاساى سزادان دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەى بەردەوامە.