دیمەنێکی بانکی رافیدەین - وێنە: میدیاکان
لیژنەی دەستپاکی داوایکردووە
لەسەر پرسی موچە بانکی رەشید و رافیدەین میوانداری پەرلەمان دەکرێن
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرانی گشتی بانکی رافیدەین و بانکی رەشید، لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێن.
بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمی کە لەلایەن لیژنەی دەستپاکى لە پەرلەمانی عێراق دەرکراوە، دەبێت بەڕێوەبەرانی گشتی هەردوو بانکەکانى رافیدەین و رەشید ئامادەی دانیشتنێک بن لەگەڵ لیژنەکەدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەی بەبانکیکردنى موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەى نوسراوەکە میواندارییەکە لە رێکەوتی 22.4.2024 ئەنجامدەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.4.2024، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، بانگێشتکردنی بەڕێوەبەرانی ئەو دوو بانکە “بۆ ئەوەیە بزانن هۆکار چییە دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بانکیبکرێت، کەچی هێشتا بە کاش پارە دەدرێتە هەرێم”.
بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جیاکردنەوەی لە هەر پرسێکی دی و بڕیاری وەزارەتی دارایی بۆ کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ موچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی راشیدەین و رافیدەین، پێویستیی کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکەی لە هەرێم زیاتر کردووە.