هەفتەیەک لەوێ دەبن
“یەکشەممە فڕۆکەکەی سودانی و شاندەکەی لە ئەمریکا دەنیشێتەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
دوو سەرچاوەی عێراقی و ئەمریکی رایانگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەیەک لە ئەمریکا دەبێت، له نێویاندا گفتوگۆ لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆک ئەمریکا دەکات، و گەشتیش بۆ سێ ویلایەت ئەنجامدەدات.
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بۆ تۆڕی 964 دووپاتی ئەوەی کردەوە، کە سودانی کۆبوونەوە لەگەڵ بازرگانان ئەنجام دەدات، هەروەها بەرپرسانی بانکی عێراقیش یاوەری دەبن.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو خاوەن بانکە عێراقییانەی ڤیزەی ئەمریکایان وەرگرتووە هیوادارن سزاکانی سەر بانکە عێراقییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە یان سزاکان سووک بکرێن، پێشبینیش دەکەن کاتێک بەشداری کۆبوونەوەیەک دەکەن لە بارەگای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا شتێک لەوبارەیەوە ببیستن.
سەرچاوەکە دەڵێت، لە رووی سیاسییەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە کارنامەی سودانیدا نییە و مەلەفی سیاسیش بە گۆڕینی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا دەمێنێتەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، بۆ “هاوبەشییەکی ئەمنی” لەگەڵ واشنتۆن کە چەک و مەشق و راهێنان لەخۆدەگرێت، و مەلەفی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێریش لەسەر مێز دەبێت.
رۆژنامە ئەمریکییەکان چاوەڕوانی “وەڵامێکی توندوتیژانە لەلایەن ئێرانەوە دژ بە ئیسرائیل” ناکەن و سی ئێن ئێن رایگەیاندووە کە رەنگە ئێران بە سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش رازی بێت.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەمریکی بۆ تۆڕی 964 ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی یەکشەممە 14.4.2024 فڕۆکەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکی دیاریکراودا لە واشنتۆن دەنیشێتەوە، کە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت و سەردانی سێ ویلایەتی ئەمەریکا لەخۆدەگرێت.
بە گوێرەی سۆراغەکان، بەشێکی گرنگی شاندی حکومەتی عێراقی بۆ بەرپرسانی باڵای بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەرانی بانکەکان تەرخان دەکرێت، هەروەها کۆبوونەوەی تەکنیکییان دەبێت لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
بە قسەی ئەو سەرچاوەیە بێت، عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا نێوەندگیر بووە لە هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە ئێران لە ئەنجامدانی کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە دوای بۆردومانکردنی کونسوڵخانەکەی لە سوریا، بە نموونە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان وەزیر فوئاد حسێن و هاوتا ئێرانییەکەی پەیامێک بوو لەو پێوەندییەدا گەیشتە تاران.