"بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکەیە"
بنکەیەکی ئاسایش لە گوندی دەربەندە سووتاوی قەزای بازیان کرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
بنکەیەکی ئاسایش لە گوندی دەربەندە سووتاو لە قەزای بازیان کرایەوە و قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، لەو ناوچەیە بۆشایی ئەمنی هەبووە.
بنکەکە سەر بە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییە و سنووری 12 گوندی سەر بە قەرەداغ و بازیان لەخۆ دەگرێت.
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، ئەو گوندە 25 کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای بازیان و 25 کیلۆمەتریش لە قەرەداغەوە دوور بوو و هیچ بنکەیەکی پۆلیس و ئاسایشی لێنەبووە.
وتیشی، “هیچ رووداوێک نەبووە، بەڵام ئەگەر کەسێک بیویستایە کاری خراپ بکات دەیتوانی ئەو رێگایە بەکاربهێنێت و بۆ هاتوچۆی نێوان بازیان و چەمچەماڵ و قەرەداغ تووشی هیچ بنکەیەکی ئەمنی و ئاسایش نەبێت”.
بنکەکە چەند رۆژێکە کراوەتەوە و چەند کارمەندێکی ئاسایش دەوامی تێدا دەکەن.
قایمقامی بازیان وتیشی، “ئەو رێگایە سترتیژییە و بە کردنەوەی ئەو بنکەیەی ئاسایش هەم رێگاکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت هەم ئەمنییەتی ناوچەکە دەپارێزرێت”.