12 رۆژ دەخایەنێت
جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک بەڕێوەدەچیت
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
ئەمڕۆ دووشەممە، یەکی نیسان، جەژنی ئەکیتۆی ئاشوورییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچیت، زیاتر لە 10 هەزار کەس بەشدارییان لە رێوڕەسمێکی شاری دهۆکدا کرد.
لە پارێزگای دهۆک، رێپێوانێک لە کەنیسەی مەریەم لە گەڕەکی گرێباسێ دەستپێدەکات تا دەگاتە گۆڕەپانی نزیک شەقامی فرۆشگای مازی، لەوێشەوە ئاهەنگە گەورەکە دەستپێدەکات.
هاوڵاتیان لە دهۆک و هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵاتیشەوە بەشداری رێپێوان و ئاهەنگەکە دەکەن.
سەنوەر دانیال بەرپرسی سەنتەری رۆشنبیریی ئاشووری بە 964ی وت، ئەمڕۆ خەڵکی ئاشووری و کریستیان لە هەموو شوێنێک هاتوونەتە رێوڕەسمی ئەکیتۆ.
وتیشی، زیاتر لە 10 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە، لە دوای ساڵی 1991 تا ئێستا هەمووساڵێک جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک بەڕێوەدەچیت.
جەژنی ئەکیتۆ، سەری ساڵی نوێی بابلی – ئاشوورییە و ئەمساڵ 6774ە، بۆ ماوەی 12 رۆژ بە چالاکی جۆراوجۆر لە دهۆک جەژنەکە بەڕێوەدەچێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا