دوای داشکاندن لە رسوماتی گومرگی
نرخی گۆشت روو لە دابەزینە
964+
فەهمی نەبی
دوای رۆژێک لە جێبەجێکردنی بڕیاری داشکاندنی رسوماتی گومرگی بەڕێژەی %50 بۆ ئاژەڵی هاوردە، ئەمڕۆ لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر نرخی گۆشت بۆ هەر کیلۆیەک 500 دینار دابەزی.
محێدین خەیلانی ئەندامی ئەنجومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە 964ی وت، رۆژانی رابردوو هەر کیلۆیەک گۆشتی کاوڕ بە نۆ هەزار و 700 دینار بوو، بەڵام دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئەمڕۆ هەر کیلۆیەکی بە نۆ هەزار و 200 دینارە واتا زیاتر لە 500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک دابەزیووە.
بەبۆچوونی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، جگە لە هەڵگرتنی رسوماتی گومرگی، وەرزی بەهار کاتی پێگەیشتنی ئاژەڵی ناوخۆییە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دابەزاندنی نرخی گۆشت دەبێت و ئەم دوو هۆکارە وادەکات لە هەفتەیەکدا بەڕێژەی %20 نرخی گۆشت دابەزێت، بەتایبەت رەشەوڵاغ.
“%80ی ئەو ئاژەڵەی دەهێنرێت بۆ هەرێمی کوردستان لە سوریاوە دێت و بەشەکەی دیکە لە وڵاتانی وەکو ئێران و تورکیایە، پێشوتر رۆژانە 100 بارهەڵگر دەهێنران واتا نزیکەی 12 هەزار سەر ئاژەڵ دەهێنران بۆ ناوەوەی هەولێر و دەنێردران بۆ شارەکانی دیکە، بەڵام چونکە لە سوریا ئاژەڵ کەمبوەتەوە و ئێستا رۆژانە تەنیا 10 بارهەڵگر دەهێنرێن” محێدین خەیلانی وای وت.
ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بۆ 964 قسەیکرد وتی، لە دوێنێەوە داشکاندنی رسوماتی گومرگی لەسەرجەم دەروازەکان جێبەجێکراوە، بەڵام چونکە ئەو بازرگانانەی ئاژەڵیان کڕیووە بەشێکیان هێشتا نەگەیشتووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی گۆشت دابەزێت.
ئەوەشی وت، ئەگەر راستەوخۆ نرخ بەشێوەیەکی بەرچاو دانەبەزێت رەنگە پەیوەندی هەبێت بە نزیک بوونەوەی جەژنی رەمەزان.
رۆژی 27.3.2024 ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا رسوماتی گومرگی بەڕێژەی %50 لەسەر ئاژەڵی هاوردە هەڵبگرێت، رۆژێک دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی گەرێم گشتاندنێکی بۆسەرجەم دەروازەکان ناردو بڕیاردرا لە رۆژی هەینیەوە واتا 29.3.2024 ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردن.