ڤیدیۆ… هاله‌ر به‌ گۆڵه‌كانی شێرپه‌نجه‌ ده‌به‌زێنێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

سباستیان هاله‌ر، هێرشبه‌ره‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ی وه‌رزی رابردووی خولی پاڵه‌وانانی ئه‌وروپا، به‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ و له‌ ته‌موزی رابردوودا، له‌ یانه‌ی ئه‌یاكسی هۆڵه‌ندییه‌وه‌ روویكرده‌ یانه‌ی بۆروسیا دۆرتموندی ئه‌ڵمانی، به‌ڵام هه‌رزوو تووشی شۆكێكی گه‌وره‌ بوو، كاتێك ده‌ركه‌وت دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بووه‌.

هاله‌ر، كه‌ له‌ پاریس له‌ دایكبووه‌، خاوه‌نی هه‌ردوو ره‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسی و كۆتدیڤوارییه‌، ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌ و هێرشبه‌رێكی ئاستبه‌رز و گۆڵكاره‌.

ئه‌و له‌ وه‌رزی رابردووی چامپیۆنزلیگ 11 گۆڵی تۆمار كرد و خۆی به‌ دنیا ناساند، ئه‌مه‌ش وایكرد دۆرتموند به‌ گرێبه‌ستێك به‌ به‌های 31 ملیۆن یۆرۆ تا هاوینی 2026 بیباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.

هاله‌ر گه‌شتی چاره‌سه‌ركردنی له‌ شێرپه‌نجه‌ی گونه‌كانی ده‌ستپێكرد و توانی خۆڕاگر بێت، هه‌فته‌ی رابردووش گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌شقه‌كانی یانه‌ی دۆرتموند.

هه‌روه‌ها رۆژی هه‌ینی 13ی كانوونی دووه‌م، هالاند گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی خۆی نمایشكرد، كاتێك له‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ و ئاماده‌كاری توانی له‌ ماوه‌ی هه‌شت خوله‌كدا سێ گۆڵ بۆ یانه‌كه‌ی له‌ تۆڕی یانه‌ی بازلی سویسری تۆمار بكات.

یارییه‌كه‌ له‌ شاری ماربێلای ئیسپانیا له‌ كه‌مپی مه‌شقی یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ كرا و هاله‌ر له‌ گێمی دووه‌مه‌وه‌ به‌شداری كرد.

گۆڵی یه‌كه‌می به‌ لێدانی سزا تۆمار كرد و دواتر دوو گۆڵی دیكه‌ی به‌ شێوازی جیاواز تۆمار كرد.

ئه‌م گه‌ڕانه‌وه سه‌رنجڕاكێشه‌ی هاله‌ر، هیوایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وی بۆ به‌زاندانی شێرپه‌نجه‌ ده‌رخست و ده‌بێته‌ ئیلهامێكیش بۆ ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بوونه‌، په‌یامێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش به‌هێزبن و هه‌وڵی به‌زاندنی نه‌خۆشییه‌كه‌ بده‌ن.